لە بری نافتا ئەمهریکا و کەنەدا و مەکسیک رێککەوتنێکی نوێ دەکەن
هەندێک گۆڕانکاری تێدایە
K24 – ههولێر:
ئەمهریکا و کەنەدا و مەکسیک رێککەوتنێکی نوێ لە بری نافتا ئەنجامدەدەن، کە هەندێک گۆڕانکاری تێدایە و دەبێتە جێگرەوەی رێککەوتنی نافتا کە 25 ساڵە کاری پێدەکەن.
بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەش، پێویستە نوێنەرانی هەر سێ وڵاتەکە دەنگی لەسەر بدەن، بەوەش چاودێرییەکی توند لەسەر بەندەکانی رێککەوتنە دەکرێت.
نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، باشترین رێککەوتنە کرابێت، کە پێناسە ناکرێت بەراورد بەو رێککەوتنەی 2018 لە ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ مەکسیک و کەنەدا ئەنجامیدا.
ئەو رێککەوتنە نوێیەی بازرگانی نێوان ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا دەبێتە جێگرەوەی بازرگانی ئازادی نافتا کە ساڵی 1994 واژووکراو، قەبارەی ئاڵووگۆڕی بازرگانییەکە ترلیۆنێک و 200 ملیار دۆلار بوو ساڵانە لە نێوان هەردوو کیشوەری ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوور.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵین بەو رێککەوتنە نوێیە 12 ملیۆن هەلی کار فەراهەم دەکرێت و یەک لەسەر سێی هەناردەی کشتوکاڵی ئەمریکا پێکدێنێت.