بانکی ناوەندی عێراقی: سپاردەکانی بانکی تەیفی ئیسلامی پارێزراون
بانکی ناوەندیى عێراقى جەخت دەكاتەوە، سپاردەکانی بانکی تەیفى ئيسلامى پارێزراون و رێکارەکان بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە.
ئەمرۆ سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، مافی تەواوی خاوەن هەژمارەکانی بانکی تەیفى ئیسلامیی پارێزراون و بڕیاری خستنەژێر چاودێریی بانکەکە، رێکارێکی یاسایی و خۆپارێزییە بۆ پاراستنی سەرمایەی هاووڵاتییان و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی سیستەمی دارایی.
بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ سەرپەرشتیاری نوێی بانکەکە کار دەکەن بۆ زیادکردنی نەختینە و رێکخستنەوەی پرۆسەی کشانەوەی پارە بەشێوەیەکی قۆناخبەندی و رێکوپێک، هاوکات دابینکردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی لەم بانکەدا هەژماریان هەیە، لە کارە هەرە لەپێشینەکان دەبێت.
بانکی ناوەندی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان، ئەم هەنگاوانە تەنها بۆ پاراستنی مافەکانی ئەوان و بەهێزکردنی متمانەیە بە کەرتی بانکی. هەروەها داوا لە میدیاکان و هاووڵاتییان دەکات تەنها زانیاریی فەرمی لە بانکی ناوەندییەوە وەربگرن و دوور بکەونەوە لە تێوەگلان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروست.