ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک تۆن سەوزە و میوە لە کوردستانەوە رەوانەی عێراق دەکرێت
هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی سەوزەوات گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
د. قارەمان قادر مەولوود، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن سەوزە و میوە لە هەرێمەوە رەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، بەرهەمەکانی وەک رەیحانە، نەعنا و تەرخوون بە قەبارەیەکی گەورە لە عەلوەکانەوە هەناردە دەکرێن و پێش هەناردەکردنیشیان، وەزارەت پشکنینی کوالێتی و تەندروستییان بۆ دەکات.
ئەم هەنگاوەی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، بازاڕی جیهانیی ئەم سەوزانە بەهایەکی ئابووریی بەرزی هەیە، بەوپێیەی لە پیشەسازییەکانی دەرمانسازی، جوانکاری و خۆراکدا بەکاردێن:
رەیحانە: بەپێی راپۆرتە جیهانییەکان، قەبارەی بازرگانیی رەیحانە لەمساڵدا گەیشتووەتە 1 ملیار و 570 ملیۆن دۆلار و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2035 بگاتە 2 ملیار و 480 ملیۆن دۆلار.
نەعنا: ئێستا قەبارەی بازرگانیی نەعنا لە نێوان 3 ملیار و 720 ملیۆن بۆ 6 ملیار و 800 ملیۆن دۆلاردایە، و بەهۆی فراوانبوونی بەکارهێنانی لە کەرتە جیاوازەکاندا، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2030 بەرز بێتەوە بۆ نزیکەی 11 ملیار دۆلار.