عێراق.. ناوی ژماره‌یه‌ك كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران ئاشكرا ده‌كرێت

عادل عەبدولمەهدی: پێنجشەممە دواین رۆژی ئەرکەکەم دەبێت

K24- هه‌ولێر:

ناوی ژمارەیەك کاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشكه‌ش به‌ سەرۆك کۆماری عێراق ده‌كرێت، عادل عەبدولمەهدیش دەڵێت: رۆژی پێنجشەممە دواین رۆژی دەبێت لە ئەرکەکەیدا.

ئاژانسی هەواڵی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسی گواستەوە، بەرهەم ساڵح، سەرۆك کۆماری عێراق ناوی ژمارەیەك کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەست گەیشتووە و بڕیاریشە یەکێکیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ راسپێرێت.

ئاشکراشی کردووە کە لەناو ئەو کاندیدانەی کە ناوه‌كانیان بەدەست سەرۆك کۆمار گەیشتوون، محەمەد شیاع سودانی، ئەسعەد عیدانی و مستەفا کازمی هەن، هەروەها ناوی دادوەر رائد جوحیش لەلایەن خۆپیشاندەراونەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران ئاراستەی سەرۆك کۆمار کراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر دوای راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، پرسی دیاریکردنی کوتلەی گەورەی پەرلەمانی کۆتایی هاتووە. ئاشکراشی کرد، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق بە سەرۆك کۆماری راگەیاندووە، رۆژی پێنجشەممە دواین رۆژی دەبێت لە ئەرکەکەیدا.

H.B