داوای حکوومەتێکی سەربەخۆی راگوزەر لە عێراق دەکرێت
جەخت لە ھەڵوەشاندنەوەی حكوومەت دەكەنەوە
K24 - ھەولێر
هاوپەیمانی نەسر داوای حکوومەتێکی سەربەخۆی راگوزەر دەکات.
لە راگەیەنراوێکدا هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادی، داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی سەربەخۆی راگوزەری کرد و تیایدا هاتووە، لە مانگی تشرینی یەکەمەوە، هاوپەیمانێتییەکەیان نەخشەرێگایەکی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی وڵات و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەل پێشکەشکردووە، هەمیشەش جەختمان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و پێکهێنانی حکوومەتی راگوزەر کردووەتەوە، کە لەلایەن کەسانی سەربەخۆوە سەرۆکایەتی بکرێت، تا ئەو کاتەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت.
لەلایەكی دیكەوە کوتلەی سادیقونی عەسائیب ئەهللحەق، واژۆی پەرلەمانتاران بۆ لادانی سەرۆک کۆمار کۆدەکاتەوە.
عودەی عەواد، پەرلەمانتاری کوتلەی سادیقون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، بە تۆمەتی ناپاکی و شکاندنی سوێند، دەستییان کردووە بە کۆکردنەوەی واژۆی پەرلەمانتاران بۆ لەسەرکار لادانی سەرۆک کۆمار لە پۆستەکەی.
ئەو پەرلەمانتارەی سادیقون کە سەربە عەسائیب ئەهللحەقی قەیس خەزعەلیییە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سەرۆک کۆمار پێشێلی دەستووری کردووە و لەکاتی خۆیدا کاندیدی سەرۆک وەزیرانی پێشکەش نەکردووە، بەڵکو پەنای بۆ بنچینەی تائیفی بردووە.
ھ.م