راپۆرتێكی ئه‌مه‌ریكی: دۆزینه‌وه‌ی كه‌سێك له شوێنی عادل عه‌بدولمه‌هدی مه‌حاڵه
نیۆیۆرك تایمز: یان ده‌بێت گه‌لی عێراق بگۆڕدرێت یانیش حزبه سیاسییه‌كان
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمزی ئه‌مه‌ریكی له راپۆرتێكدا ده‌ڵێت: دوای رووخانی رژێمی سه‌دام له ساڵی 2003ـه‌وه، قه‌یرانی ئێستای عێراق مه‌ترسیدارترین دۆخه كه ئه‌و وڵاته پێیدا گوزه‌ر ده‌كات، به‌تایبه‌ت كه په‌رله‌مان بوونی هه‌یه، به‌ڵام توانای جێبه‌جێكردنی داواكاری خۆپێشانده‌ران و ده‌رچوون له ژێر هه‌ژموونی ئێرانی نییه.
راپۆرته‌كه كه له‌لایه‌ن ئه‌لیسا روبن، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌یه له عێراق ئاماده كراوه، ئاماژه به‌وه ده‌دات، سه‌ركرده‌كانی عێراق بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستا شیاو نین، هه‌روه‌ك تا ئێستا هیچ تهوافوقێكیش بۆ پلانی چاكسازی حكوومه‌ت و جێبه‌جێكردنی داواكاری خۆپێشانده‌ران له‌ئارادا نییه.
رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات، په‌رله‌مانی عێراق به جدی تاوتوێی گۆڕانكاریه پێشنیازكاروهكانی یاسای هه‌ڵبژاردنی نه‌كردووه، كه له‌وانه‌یه ببێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری و گه‌نده‌ڵی حزبه سیاسییه‌كان له‌و وڵاته.
دووپاتیش ده‌كاته‌وه، هێزه عێراقییه‌كان له دیاریكردنی جێگره‌وه‌یه‌ك له شوێنی عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران شكستیان هێناوه، وێڕای كۆتاییهاتنی ئه‌و واده‌یه‌ی كه له ده‌ستووردا بۆ راسپاردنی كاندیدێك بۆ ئه‌و پۆسته دیاریكراوه.
راپۆرته‌كه له‌سه‌ر زاری ماریا فانتابی، توێژه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی قه‌یرانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گواستییه‌وه: "زۆر سه‌خته كه‌سێكی شیاو بدۆزرێته‌وه، كه له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی خۆپێشانده‌رانه‌وه بۆ ئه‌و پۆسته په‌سه‌ند بكرێت، له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌و چانسه هه‌ر ماوه كه به پشتگیری حزبه‌كان و سیاسه‌تمه‌داران ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕێندرێت"، به‌ڵام وه‌ك ئه‌و رۆژنامه‌یه ئاماژه‌ی پێداوه، "هه‌تا ئه‌گه‌ر هێزه سیاسییه‌كانیش توانای ئه‌وه‌یان هه‌بێت جێگره‌وه‌یه‌ك له شوێنی عه‌بدولمه‌هدی دیاری بكه‌ن، ئه‌وا پێویسته له ده‌ستپێكه‌وه به‌شێك له داواكاری خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ بكرێن".
له‌مباره‌شه‌وه قوتابیێكی زانكۆ به ناوی مه‌هدی، كه له پارێزگای میسانه‌وه بۆ به‌شداریكردن له خۆپێشاندانه‌كان هاتووه‌ته به‌غدا، به رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ی راگه‌یاندووه، "ئاماجی سه‌ره‌كی ئێمه ته‌نیا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران نییه، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت هه‌موویان ده‌ست له پۆسته‌كانیان هه‌ڵگرن".
به‌ڵام وه‌ك ئه‌و رۆژنامه‌یه جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه، "ناكرێت په‌رله‌مان هه‌نگاوێكی چاكسازی بنێت كه خۆی تێیدا هه‌ڵوه‌شێته‌وه، له‌كاتێكیشدا خۆپێشانده‌ران به كه‌متر له‌و داواكاریانه رازی نابن".
هه‌ر له‌مباره‌شه‌وه كه‌ریم نوری، سه‌ركرده‌یه‌كی رێكخراوی به‌دری نزیك له ئێران ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی حزبه‌كان ده‌یانه‌وێت، له‌لایه‌ن گه‌لی عێراقه‌وه ره‌ت ده‌كرێته‌وه و ئه‌وه‌ی گه‌لیش داوا ده‌كات، له‌لایه‌ن ئه‌و حزبانه‌وه ره‌ت ده‌كرێته‌وه".
بۆیه وه‌ك ئه‌و رۆژنامه‌یه روونی ده‌كاته‌وه، "لێره‌دا ته‌نیا دوو چاره‌سه‌ری جێگره‌وه هه‌یه، یان گۆڕینی گه‌لی عێراق یانیش گۆڕینی چینی سیاسی و گۆڕانكاریكردن له پرۆسه‌ی سیاسی".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "وه‌ك دیاره په‌رله‌مانی عێراق بۆ ئه‌وه‌ش ئاماده نییه كه رێگه چاره‌یه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێران له‌و وڵاته بدۆزێته‌وه" و ده‌شڵێت: "كه‌سانی سیاسی و سه‌ربازی دیاری ئێران، له‌وانه‌ش كه‌سانی وه‌ك قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسداران، هه‌موو هه‌وڵێكیان له به‌غدا خستووه‌ته گه‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ی گرێنتی ئه‌وه به‌ده‌ست بهێنن، كه ئه‌و كه‌سه‌ی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی عێراق كاندید ده‌كرێت، ملكه‌چی فه‌رمانه‌كانی ئێران بێت".
فانتابی ده‌ڵێت: "دۆزینه‌وه‌ی كه‌سێكی په‌سه‌ندكراو له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له شه‌قامی عێراقی، حزبه سیاسییه شیعه‌كان و ئێران كارێكی زۆر مه‌حاڵه".
له‌و كاته‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له یه‌كی ئه‌م مانگه ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی حكوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی په‌سه‌ند كرد، ژماره‌یه‌ك ناو بۆ ئه‌و پۆسته پێشكه‌ش كراون، به‌ڵام له‌لایه‌ك به‌هۆی ره‌تكردنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن خۆپێشانده‌رانه‌وه و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ناكۆكی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و ناوانه، تا ئێستا نه‌توانراوه هیچ كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته یه‌كلایی بكرێته‌وه.
H.B