موقته‌دا سه‌در په‌یامێك له‌باره‌ی كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران راده‌گه‌یه‌نێت
داوایه‌كیش له هاوپه‌یمانی بینا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
دوای ته‌نیا چه‌ند كاتژمێرێك له كۆبوونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك حزبی سیاسی بۆ تاوتوێكردنی كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ت، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در په‌یامێكی ئاراسته‌ی قوسه‌ی سوهه‌یل، كاندیدی كوتله‌ی بینا بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و كوتله‌كه‌ی كرد.
له په‌یامه‌كه‌یدا كه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكرده‌وه، سه‌در نووسیویه‌تی: "سڵاوتان لێبێ برایانم له كوتله‌ی بینا، براكه‌م قوسه‌ی سوهه‌یل، خوێنڕشتنه‌كه‌ی عێراق راگرن، رێز له فه‌رمانه‌كانی مه‌رجه‌عیه‌ت بگرن، رێز له خواستی گه‌ل بگرن و رێزی خۆتان بپارێزن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌مه بۆ ئێمه، ئێوه و گه‌لیش باشه، گه‌ل گه‌وره‌ترین كوتله‌یه".
السلام عليكم
— مقتدى السيد محمد الصدر (@Mu_AlSadr) December 21, 2019
أيها الاخوة في (كتلة البناء)
ايها الاخ (قصي السهيل)
احقنوا الدم العراقي
واحترموا اوامر المرجعية
واحترموا ارادة الشعب
واحفظوا كرامتكم
هو خير لنا ولكم وللعراق اجمع#الشعب_هو_الكتلة_الاكبر
المواطن
مقتدى الصدر
پێشتریش سه‌در داوای له هێزه ئه‌منییه‌كان كردبوو، پارێزگاری له خۆپێشاندانده‌ران بكه‌ن و رێگریش له رفاندنی چالاكوانان بكه‌ن.
ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه خۆپێشاندانی ناڕه‌زایه‌تی له شاری به‌غدا و شاره‌كانی دیكه‌ی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق سه‌ریانهه‌ڵداوه و له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كان توندوتیژی روویداوه و تا ئێستا له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان خۆپێشانده‌ران و هێزه ئه‌منییه‌كان، نزیكه‌ی 500 كه‌س كوژراون و زیاتر له 20 هه‌زار كه‌سیش بریندار بوونه.
له‌كاتێكیشدا سه‌ره‌تا خۆپێشانده‌ران داوای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و باشتركردنی دۆخی بژێویان ده‌كرد، به‌ڵام دواتر ئاستی داواكانیان بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حكوومه‌ت به‌رز كرده‌وه و دواجار سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی پێشكه‌ش كرد، ئێستاش خۆپێشانده‌ران رووبه‌ری داواكارییه‌كانیان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار فراوانكردووه.
H.B