سێ خۆپیشاندەر لە بەغدا بە چەقۆ بریندار كران
خۆپیشاندەران چەند رێگایەكیان داخست
K24 - ھەولێر
خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامن و سێ خۆپیشاندەر لە بەغدا برینداربوون و لە ناسریەش ئەمڕۆ کرایە پشوو.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەك، لە گۆڕەپانی وەسبەی ناوەڕاستی بەغدا، سێ خۆپیشاندەر بە چەقۆ بریندارکران، هاوکات لە شاری دیوانییەش خۆپیشاندەران، رێگەی سەرەکی نێوان دیوانییە و بەغدایان داخست.
لە بەسرەش جارێکی دیکە چەندین رێگای سەرەکی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخران.
هاوکات بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی پارێزگاکەوە، ئەبازەر عەمر جێگری پارێزگاری زیقار رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەرجەم دامەزراوەکانی حکوومەت کراوەتە پشوو.
بەگوێرەی هەواڵی چەند میدیایەکی عێراقیش، دوێنی خۆپیشاندەرانی بەغدا لەپردی ئەحرار و گۆڕەپانی وەسبە بەرەو مەیدانی تەحریر کشاونەتەوە.
ھ.م