هاككه‌رێك: حكوومه‌تی عێراق پێگه ئێلیكترۆنییهكانی خۆی بۆ نه‌پارێزرێ ئێمه‌شی بۆ ناپارێزرێ
په‌یجی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقیش هاككرا
K24 - هه‌ولێر:
هه‌فته‌ی رابردوو زنجیره‌یه‌ك هێرشی ئێلیكترۆنی كرایه‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كانی حكوومه‌تی عێراق، رۆژی دووشه‌ممه 23/12/2019، هاككه‌رێك په‌یجی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك هاككرد.
دواتر هاككه‌ره‌كه له په‌یجی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقه‌وه نووسی: "وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق به چاوی منداڵی قوتابخانه‌كان ته‌ماشامان ده‌كات، به چاوی گه‌لێك كه هه‌موو شتێكیان لێ دزراوه، به چاوی نه‌خۆشێك كه ده‌رمان ده‌كرێت، به چاوی پزیشكی نه‌خۆشخانه وێرانبووه‌كان، به چاوی ئه‌و عاقڵمه‌ند و زانایانه‌ی وڵاتیان جێهێشت، هه‌وڵی دامركاندنه‌وه‌ی شۆڕشیش ده‌ده‌ن، به‌ڵام نازانن شۆڕش هزره و كۆتایی نایه‌ت و به‌رده‌وامه".
هاككه‌ره‌كه نوسیوویه‌تی: "ده‌وڵه‌تێك نه‌توانێت پێگه ئێلیكترۆنییهكانی خۆی بپارێزێت، ناشتوانێت گیان و ماڵ و منداڵمان بپارێزێت".
میدیاكانی عێراقیش بڵاویانكردووه‌ته‌وه كه كه‌سانی نه‌ناسراو په‌یجه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقیان هاك كردووه.
پێشتریش كه‌سانی نه‌ناسراو ژماره‌یه‌ك پێگه‌ی ئێلیكترۆنی وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی حكوومه‌تی عێراقیان هاك كردووه و به‌ڵێنیانداوه هێرشه ئێلیكترۆنییهكانیان بۆ سه‌ر په‌یج و پێگه‌ی وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكانی دیكه‌ی حكوومه‌ت زیاتر بكه‌ن.