لە شەش مانگدا 34 كەیسی گەندەڵی لە ھەرێمی كوردستان یەكلا كراونەتەوە
ھێشتا 75 كەیسی دیكە ماون
K24 - ھەولێر
بەگوێرەی ئامارەكانی دەستەی دەستپاكی لە 6 مانگی کۆتایی ئەمساڵدا لە دادگا تایبەتمەندەکان لە ھەرسێ پاریزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆک 34 کەیس یەکلا کراونەتەوە و 75 کەیس ماون، كە لەنێویاندا ژمارەیەك بەڕێوەبەر و بەرپرس ھەن.
فەرمانگەی یاسایی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان ئامارەکانی 6 مانگی کۆتایی ئەمساڵی راگەیاند. داواشیان کرد کە یاسای تایبەت بە دەستەکەیان ھەموار بکرێتەوە تا بتوانن دەسەڵاتەکانیان زیاتر بکەن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ھەروەھا دروستکردنی دادگایەکی تایبەت بۆ زووتر یەکلاکردنەوەی کەیسەکان.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەستەی دەستپاکی ھەرێمیش کارەکانی پێشوەچوونی زیاتری بەخۆوە بینی و لە پەرلەمانیش لیژنەی دەستپاکی بووەتە پاڵپشت و ھاوکاری ئەو دەستەیە تا بتوانن گەندەڵی بە شێوەیەکی دیار بنەبڕ بکەن و رێگریش بکەن لە بەھەدەردانی سامانی گشتی لە رێگەی بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسانەی رەوانەی دادگاکان دەكرێن.
وەك لە ئاماری فەرمانگەی یاسایی دەستەی دەستپاکی ئاماژەی پێكراوە، سەرجەم ئەو کەیسانەی لە دادگای تایبەتمەند ماون لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2019، (75 ) کەیسە و ھەولێر بە پلەی یەکەم و سلێمانی دووەم و دھۆک بە پلەی سێیەم دێت، ژمارەی حوکمدراوانیش 41 کەسە، کە بەرێوەبەر و سەرۆکی زانکۆ و دکتۆر و لیوا و ئەفسەر و پۆلیس و پاسەوان و فەرمانبەرن.
ھ.م