نووسینگەی راگەیاندنی د. بەشیر حەداد روونکردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە
"د. بەشیر حەداد دەنگی بە پرۆژەیاسای هەڵبژاردنەکان نەداوە"
K24 - ھەولێر
نووسینگەی راگەیاندنی د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە روونكردنەوەیەكدا ھەواڵی ھەندێك ماڵپەڕ و پەیج رەتدەكاتەوە كە بڵاویانكردووەتەوە" د. بەشیر حەداد دەنگی بە پرۆژەیاسای هەڵبژاردنەکان داوە".
لە روونكردنەوەكەدا ھاتووە: "لە دوای دەنگ دانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە پرۆژەیاسای هەڵبژاردنەکان، لە هەندێک پەیج و ماڵپەڕ وا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، دەنگی بەو پرۆژەیاسایە داوە و ئەوەشیان لەسەر بنەمای ئەو ڤیدیۆیە داناوە کە لە کۆتاییدا دکتۆر بەشیر حەداد دەست بەرز دەکاتەوە".
نووسینگەی راگەیاندنی د. بەشیر حەداد دەڵێ: "لێرەوە رای دەگەیەنین کە بابەتی دەست بەرزکردنەوەی دکتۆر بەشیر حەداد بۆ مەسەلەی دواخستنی خشتەی قەزاکان بووە، نەک بۆ بابەتی پرۆژە یاساکە، ئەوەش دوای ئەوە هات کە یەکێک لەسەرۆک فراکسیۆنەکان داوای لە دکتۆر بەشیر کرد کە ئایا ئەویش لە گەڵ ئەوەیە خشتە دوا بخرێت یان نا. هیوادارین میدیاکاران لە کاتی دانانی هەر هەواڵ و بابەتێک وردتر بەدواداچوون بکەن، تاوەکو خۆیان تووشی هەڵە نەبن و ناو و ناوبانگی کەسانی دیکەش نەزڕێنن".