كوتله‌ی سادیقون له‌سه‌ر بۆردومانكردنی پێگه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هاته ده‌نگ
كوتله‌كه‌ی قه‌یس خه‌زعه‌لی داوا له حكوومه‌ت ده‌كات چیتر زمانی دیبلۆماسی به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل به‌كارنه‌هێنێت
K24- هه‌ولێر:
په‌رله‌مانتارێكی كوتله‌ی سادیقونی سه‌ر به گروپی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌قی حه‌شدی شه‌عبی كه له‌لایه‌ن قه‌یس خه‌زعه‌لییه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، له‌سه‌ر بۆردومانكردنی پێگه‌كانی گروپی حزبوڵڵای سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی له قائیم هاته ده‌نگ و دووپاتیكرده‌وه، ئه‌و بۆردومانكردنه‌ی پێگه‌كانی حه‌شد پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق و سووكایه‌تیكردنه به ئاسایشی عێراق.
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا حه‌سه‌ن سالم، په‌رله‌مانتاری سادیقون جگه له ئه‌مه‌ریكا، په‌نجه‌ی تۆمه‌تی ئه‌و بۆردومانه‌ی بۆ ئیسرائیلیش درێژكرد و گوتی: "نیازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ناسراون نه‌ك مه‌ترسیدارن، له‌كاتێكدا ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن چه‌كدارانی داعش بهێننه‌وه ناو خاكی عێراق، كۆنترۆڵكردنی ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و سووریا له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه، بووه‌ته له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م گواستنه‌وه‌ی چه‌كداره‌كان كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیله‌وه پشتیوانی ده‌كرێن".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی سادیقون داواشی له حكوومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و هێزه ئاسمانییه‌كانی عێراق و فڕۆكه‌وانی سوپا كرد، چیتر زمانی دیبلۆماسیه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل به‌كار نه‌هێنن و بۆ هه‌ر هێرشێك وه‌ڵامی هاوشێوه‌یان بده‌نه‌وه.
گوتیشی: پێویسته له‌سه‌ر كوتله سیاسییه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران خۆیان له درێژه‌دادڕی به‌دوور بگرن و هه‌رچی زووه بڕیاری وه‌ده‌رنانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناو خاكی عێراق ده‌ربكه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی كه چه‌ندین پێشێلكارییان كردووه، له‌وانه‌ش پشتگیریكردنی چه‌ته‌كانی داعش و بۆردومانكردنی باره‌گا ئه‌منییه‌كانی عێراق، وێڕای دانانی چه‌ته‌ی جۆكه‌ر بۆ هێنانه‌وه‌ی پشێوی له وڵات و به‌لاڕێدابردنی رێچكه‌ی خۆپێشاندانی ئاشتیانه له عێراق.
H.B