هۆشداری لە ئایندەی عێراق دەدرێت

خۆپیشاندەران سەقفی داواکارییەکانیان بەرزتر دەکەنەوە

K24 - ھەولێر

چاودێرانی سیاسی ئاشکرای دەکەن، كە دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت و سەقفی داواکاری خۆپیشاندەران بەرزتر دەبێتەوە، ئەمەش عێراق بەرەو دوا رۆژێكی نادیار دەبات.

ئەمە لە کاتێکدایە دوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران، سەرۆک کۆماریش هەڕەشەی دەست لەکارکێشانەوە دەکات و خۆپیشاندەرانیش داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکەن.

سێ مانگە خۆپیشاندان لە عێراق بەردەوامە و چوار ئامانجی سەرەکی پێکاوە، لە سەرووی هەمووشیان رەتکردنەوەی سەرجەم داواکارییەکانی کوتلەی گەورەی پەرلەمانه، کە لە ئێرانەوە نزیکە چاودێرێكی سیاسیش دەڵێت "دۆخی عێراق بە هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەر دەبێت لە بارەی  ئەنجامی خۆپیشاندانەکانیش کورد سودمەند دەبێت".

عێراقییەکان بە خۆپیشاندەران و سیاسییەکانەوە بە دوای کەسێک دەگەڕێن، كە هەردوولا پەسەندی بکەن بۆ کاندید بوونی و وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران. بەرزبوونەوەی سەقفی داواکاری خۆپیشاندەرانيش عێراق دەخاتە حاڵەتێکی نادیارەوه بە جۆرێ پێشبینی شەڕی ناوخۆ و دابەش بوونى لێدەكرێت.

ھ.م