رووسیا هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر حزبوڵڵای عێراق راگه‌یاند
ئه‌مه‌ریكا مۆسكۆی له هێرشه‌كه ئاگادار كردبووه‌وه؟

K24 - هه‌ولێر:
رووسیا له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر پێگه سه‌ربازییه‌كانی حزبوڵڵای عێراق و میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له سووریا هه‌ڵوێستی خۆی راده‌گه‌یێنێت.
له‌وباره‌یه‌وه دیمتری بیسكۆڤ، گوته‌بێژی فه‌رمی كرملین رایگه‌یاند: "ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رووسیای له هێرشی سه‌ر كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵا له عێراق و سووریا ئاگادار نه‌كردووه‌ته‌وه".
گوته‌بێژه‌كه‌ی كرملین ده‌ڵێت: "مۆسكۆ به ئیجابی ده‌ڕوانێته هه‌ر رێوشوێنێك ئامانجی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر بێت، له به‌رامبه‌ریشدا هه‌ر رێوشوێنێك به نێگه‌تیڤ ده‌بینێت كه ببێته هۆی تێكدانی سه‌قامگیریی".
ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه 29/12/2019 فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا 5 بنكه‌ی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵلای عێراقی و میلیشیاكانی سه‌ر به ئێرانیان له‌ناو عێراق و سووریا كرده ئامانج. 3 بنكه‌یان له ناو خاكی عێراقدا بوون له پاریزگای ئه‌نبار، دوو بنكه‌ی دیكه‌شیان له‌ناو سووریادان و به بنكه‌ی سه‌ربازیی میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران ناو ده‌برێن.
به‌گوێره‌ی دوایین ئامار كه حزبوڵڵای عێراق خۆی رایگه‌یاندووه، 25 چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی و میلیشیاكان كوژران و زیاتر له 50 چه‌كداری دیكه‌ش بریندار بوون.