مه‌رجه‌عی باڵای شیعه له عێراق له‌سه‌ر بۆردومانكردنی بنكه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هاته ده‌نگ
مه‌رجه‌عی باڵای شیعه له عێراق هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی بۆردومانی سه‌ر پێگه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی راگه‌یاند
K24- هه‌ولێر:
نووسینگه‌ی عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه له عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی بۆردومانكردنی پێگه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له رۆژئاوای عێراق له لایه‌ن هێزه ئاسمانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه راگه‌یاند و دووپاتیكرده‌وه، ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق بۆیان هه‌یه هێرشی له‌و جۆره له‌ناو خاكه‌كه‌ی ئه‌نجام بده‌ن و هه‌ر ئه‌ویش ده‌توانێت رێككاری پێویست بۆ رێگریكردن له‌و ره‌فتارانه بگرێته به‌ر.
له به‌یاننامه‌كه‌ی نووسینگه‌ی سیستانی‌دا باسی ئه‌وه‌ش كراوه، "مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای ئاینی له نه‌جه‌ف به توندی ئه‌و هێرشه ئیدانه ده‌كات، كه جه‌نگاوه‌رانی سه‌ر به سیسته‌می به‌رگری هێزه عێراقییه فه‌رمییه‌كانی به‌كۆمه‌ڵ كردووه‌ته ئامانج و بووه‌ته هۆی كوژران و برینداربوونی ژماره‌یه‌كی زۆریان".
جه‌ختیش كراوه‌ته‌وه، "پێویسته رێز له سه‌روه‌ری خاكی عێراق بگیرێت و به پاساوی نا یاسایی پێشێل نه‌كرێت"، دووپاتیشیكرده‌وه، "ده‌سه‌ڵاتدارانی فه‌رمی عێراق تاكه لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارن به مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره ره‌فتارانه و گرتنه‌به‌ری رێككاری پێویست بۆ رێگریكردن لێیان، هه‌روه‌ها داواشی لێ ده‌كه‌ین ئه‌و هه‌نگاو به‌و ئاراسته‌یه هه‌ڵبنێت و رێگه نه‌دات عێراق بكرێته گۆڕه‌پانێك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی و ده‌ستوه‌ردانی لایه‌نه ده‌ره‌كییه‌كان له كاروباری ناوخۆی وڵات".
شه‌وی رابردوو شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی سه‌ر به وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق رایگه‌یاند، هێزه ئاسمانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا باره‌گای لیوای 45ی حه‌شدی شه‌عبیی به سێ هێرش كردووه‌ته ئامانج، له‌كاتێكدا حه‌شدی شه‌عبی ئاشكرایكرد، "له هێرشه‌كاندا فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی جه‌زیره له پارێزگای ئه‌نبار و پێگه‌كانی هه‌ردوو لیوای 45 و 46 گراونه‌ته ئامانج و به‌و هۆیه‌شه‌وه 25 كه‌س كوژراون و 51ی دیكه‌ش بریندار بوونه".
له به‌رامبه‌ریشدا وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا "پێنتاگۆن" رایگه‌یاندووه، هێزه ئاسمانییه‌كانیان چه‌ند هێرشێكی به‌رگریكارانه‌یان بۆ سه‌ر 5 پێگه‌ی سه‌ر به گروپه چه‌كداره‌كانی له ناو خاكی عێراق و سووریا ئه‌نجامداوه، ئه‌مه‌ش وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێدا، وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بوو بۆ ئه‌و هێرشانه‌ی پێشتر كراونه‌ته سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق.
H.B