كوردستان24 ئاماری وردی تاوانه‌كان له هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2019 ده‌خاته‌ڕوو
50 ئافره‌ت كوژراوون
K24 – هه‌ولێر:
له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی "تاوان و سزا"ی كوردستان24، ئاماری وردی سه‌رجه‌م تاوانه‌كانی كوشتن، سوتان، ده‌ستدرێژی سێكسی، رفاندن، دزی، خۆكوشتن، خۆسووتاندن، رووداوه‌كانی هاتوچۆ، كوشتنی بێ مه‌به‌ست، سكاڵاكان، خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن خرانه‌ڕوو.
به گوێره‌ی ئاماره‌كانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی پۆلیسی هه‌رێم، كۆی گشتی تاوانه تۆماركراوه‌كان (15) هه‌زار و (711) تاوان بوون و له‌و ژماره‌یه (12) هه‌زار و (838) تاوان ئاشكرا كراوون.
به گوێره‌ی ئاماره‌كه له سلێمانی زۆرترین تاوان ئه‌نجامدراوون و كۆی گشتی تاوانه‌كان (5) هه‌زار و (658) تاوان بووه و له شارۆچكه‌ی سۆرانیش كه‌مترین ژماره‌ی تاوان تۆمار كراون، كه (447) تاوانه و پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ش به پله‌ی سێیه‌م دێت له رووی كه‌می ژماره‌ی تاوان كه (521) تاوان تۆمار كراوون. دهۆك و هه‌ولێریش له پله‌ی چواره‌م و پێنجه‌مدان له رووی ژماره‌ی تاوانه‌وه و پاشان هه‌ریه‌ك له راپه‌ڕین و گه‌رمیان دێن.
له تاوانی كوشتنی پیاودا، هه‌ولێر یه‌كه‌مه و (53) رووداوی كوشتنی تێدا تۆمار كراوه و هه‌ڵه‌بجه‌ش كه‌مترین رووداو تۆمار كراوون كه ته‌نیا (2) حاڵه‌ت بووه.
له كوشتنی ئافره‌تاندا له هه‌رێمی كوردستان (50) ئافره‌ت كوژراوون و هه‌ولێر به كوشتنی (18) ئافره‌ت له ریزی پێشه‌وه‌یه و له هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیانیش هیچ حاڵه‌تێكی كوشتنی ژنان تۆمار نه‌كراوه.
له كوشتنی به هه‌ڵه‌دا سلێمانی به (10) حاڵه‌ت له پله‌ی یه‌كه‌مدایه و له دهۆك هیچ حاڵه‌تێك تۆمار نه‌كراوه.
له باره‌ی لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دانی ئافره‌تان هه‌ولێر له ریزی پێشه‌وه‌یه و (309) حاڵه‌ت تۆمار كراوه و سلێمانی كه‌مترین حاڵه‌تی تێدا تۆمار كراوه، كه ته‌نیا (18) حاڵه‌ت بووه.
له ده‌ستدرێژی سێكسی‌دا دهۆك به (50) حاڵه‌ت له ریزی پێشه‌وه‌یه و هه‌ڵه‌بجه به پاكترین شار له رووی ده‌ستدرێژییه‌وه ناوی هاتووه و هیچ حاڵه‌تێكی تێدا تۆمار نه‌كراوه.
له حاڵه‌ته‌كانی مردنی ئافره‌تان به هۆی سووتانه‌وه هه‌ولێر له ریزبه‌ندی یه‌كه‌مه و (26) حاڵه‌ت تۆمار كراون و به دوای ئه‌ویشدا دهۆك به (16) حاڵه‌ت و سلێمانی به (13) حاڵه‌ت دێن، به‌ڵام له هه‌ڵه‌بجه ته‌نیا (1) حاڵه‌ت تۆمار كراوه.







