مشتومڕی گهورهترین كوتله لە عێراق نابڕێتەوە
پرۆسهی سیاسی له عێراق بهرهو چهقبهستوویی دهڕوات
K24 - ھەولێر
لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی ناگەنە رێککەوتن و پسپۆرێکيش دەڵێت، بەپێی دەستوور ئەو 170 پەرلەمانتارەی خۆیان بە کوتلەی گەورە ناساندووە دەستووریە ئەگەر پەرلەمان قسەی نەبێت ئەوا سەرۆک کۆمار دەبێت رایانسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت. پسپۆرێکی سیاسیش هۆشداری دەدات لە رێکنەکەوتن لەسەر گەورەترین کوتلە.
170 پەرلەمانتار واژوویان کۆکردووەتەوە تا خۆیان بە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بناسینن بۆ دەستنیشانکردنی کاندید، بۆ سەرۆک وەزیران بەپێی دەستووریش ھەر فراکسیۆنێک حکوومەت پێکدەھێنێت دەبێت زۆرترین پەرلەمانتاری لەگەڵ بێت، ئەم کێشەیە تا ئێستا لەنێوان پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار بەردەوامە، کە گەورەترین کوتلەیان پێ یەکلای ناکرێتەوە. پسپۆرێكی دەستوور پێی وایە، ئەگەر پەرلەمان بێدەنگی ھەڵبژێرێت ئەوا کوتلەی بینا دەبنە گەوەرترین کوتلە.
متمانەدان بە سەرۆک وەزیران پێویستی بە دەنگی 219 پەرلەمانتارە، ئەگەر نەتوانرێت دەنگی ئەم ژمارە پەرلەمانتارە بەدەست بھێنن، ئەوا ئەم ھەوڵەش بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیران شکست دەھێنێت، پسپۆرێکی سیاسیی لە ئەگەری روودانی ئەم حاڵەتە دەڵێت "عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ دەڕوات".
ھاوپەیمانێتیی سائیرون دەنگ بەو ناوانانە نادات، کە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن ھاوپەیمانێتی بینا پێشنیازکراون، تاوەکو رەزامەندی خۆپیشاندەران بەدەست نەھێنن، بەرای جاودێرانی سیاسیش بەردەوامی ئەم قەیرانە شیعەکانی عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ پەلکێش دەکات.
ھ.م