حه‌شدی شه‌عبی: 62 خۆپیشانده‌ر له نزیك باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بریندار بوون
له لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه بریندار كراوون
K24 – هه‌ولێر:
هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاند، له ئاكامی ته‌قه و به‌كارهێنانی گازی فرمێسك‌ڕێژ له لایه‌ن باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه له به‌غدا 62 هاووڵاتی خۆپیشانده‌ر بریندار بوون.
ئه‌مڕۆ گرووپه‌كانی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی له مه‌راسیمێكدا كه بۆ به‌خاكسپاردنی ته‌رمی كوژراوه‌كانی حه‌شد له به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا ئه‌نجامیاندا هه‌وڵیاندا بچنه ناو باڵیۆزخانه‌كه‌وه.
له ئاكامی پێكدادان و به‌كارهێنانی گازی فرمێسك‌ڕێژ 62 كه‌س بریندار بوون، وه‌ك ئه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه.
راگه‌یاندنی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، ژماره‌یه‌ك له برینداره‌كان له ره‌وشێكی ناسه‌قامگیردان، چونكه به‌شی سه‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌یان به‌ر زه‌بری فیشه‌ك و بۆمبه‌كانی گازی فرمێسك‌ڕێژ كه‌وتووه.
هاوكات سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی داوای له خۆپیشانده‌رانی حه‌شد كرد، هه‌رچی زووه ناوچه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا چۆڵ بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه دواوه.
له به‌رامبه‌ریشدا، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له رێگه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ره‌وه رایگه‌یاند، ئێران به‌رپرسیاره له‌و خۆپیشاندانه‌ی دژی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجامدراوه و داواشی له عێراق كرد، ئاسایشی باڵیۆزخانه‌كه بپارێزێت.