وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا: سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دڵنیاییان پێداوم
پۆ‌مپێیۆ هێرشی سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق تاوتوێ ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمار و عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌نجامدا.
له په‌یوه‌ندییه تهلهفۆنییهكانیدا پۆ‌مپێیۆ به هه‌ریه‌ك له سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی راگه‌یاندووه، ئه‌مه‌ریكا پارێزگاری له هاووڵاتیانی له عێراق ده‌كات و گوتیشی: میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران هه‌ڕه‌شه له باڵیۆزخانه‌كه‌مان له به‌غدا ده‌كه‌ن.
له‌مباره‌یه‌وه مۆرگان ئۆرتاگۆس، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد، "پۆ‌مپێیۆ له په‌یوه‌ندییه تهلهفۆنییهكانیدا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له ساڵح و عه‌بدولمه‌هدی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه، كه ئه‌مه‌ریكا پارێزگاری له گیانی هاووڵاتیانی له عێراق ده‌كات و به‌رگریش له سه‌روه‌ری خاك و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و وڵاته ده‌كات.
ئۆرتوگاس ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هه‌ریه‌ك له عه‌بدولمه‌هدی و ساڵح پۆمپێیۆیان له‌وه دڵنیا كردووه‌ته‌وه، كه به جدی به‌رپرسیارێتی خۆیان له پارێزگاریكردن له سه‌ر و ماڵی كادیرانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌كه‌ن".
ئه‌م په‌یوندییه ته‌له‌فۆنیانه‌ی پۆ‌مپێیۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دوای ئه‌وه هاتووه، له سه‌رله‌بانی ئه‌مڕۆوه لایه‌نگرانی حه‌دشی شه‌عبی خۆپێشاندانێكیان له به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا سازكرد، وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك بۆ هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر پێگه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له رۆژئاوای عێراق، كه تێیدا 25 چه‌كداری حه‌شد كوژران و 51ی دیكه‌ش بریندار بوون.
دواتریش دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا په‌نجه‌ی تۆمه‌تی خۆپێشاندانه‌كانی به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له به‌غدا بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران درێژكرد و رایگه‌یاند، "ده‌بێت ئێران به‌رپرسیارێتی ئه‌و توندوتیژیانه له ئه‌ستۆ بگرێت".
H.B