لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان: دۆخی عێراق مەترسییه‌ بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش

بەردەوامی دۆخه‌كه‌ بە مەترسی بۆ سەر هەموو عێراق دەزانن

K24- هه‌ولێر:

لایەنە سیاسیەکان داوای یەكهەڵوێستی کورد بەرامبەر هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی دەکەن و داواش دەکەن، هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان کۆببنەوە و هەڵوێستەکانیان یەك بخەن و دەشڵێن: ئەم دۆخە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش هەیە و پێوسته‌ هەرێمی کوردستان بێ لایەنی لە هەردوولا هەڵبژێرێت.

دوای هێرشه‌كانی سه‌ر پێگه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ له‌ رۆژئاوای عێراق، تا دێت دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت و مەترسی فراوانبوونی شەڕی حەشدی شەعبی و سوپای ئەمەریکاش زياتر دەبێت. بۆ ئەوەی ئەم شەڕە نەگاتە هەرێمی کوردستان، هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی داوای یەکگرتوويی و بێلایەنی کورد دەکات، بە جۆرێك كه‌ هاوسەنگی لە نێوان هەردولا بکات و نەبێتە لایەنگر.

هاوكات ئازاد جۆڵا، کارگێری مەکتەبی پەیوەندیە گشتیەکانی یەکێتی بۆ یەکهەڵوێستی و  ئامادەکاری بۆ دۆخەکە، داوای کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکان و سێ سەرۆکایەتیەکەی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات دەکات.

له‌ هه‌مان كاتدا چاودێران و لایەنە سیاسیەکانيش دۆخی عێراق بە مەترسی دەزانن، بە تایبەت ململانێکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەنێوخاکی عێراق.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، له‌ رابردووشدا هەرێمی کوردستان بەردەوام لە نێوان کێشەکانی ئێران و ئەمەریکا بێلایەنی هەڵبژاردووە، ئەمەش وایکردووە له‌ ئاگری ململانێکانه‌وه‌ دوور بێت، بۆ دۆخی ئێستاش داوای یەكهەڵوێستی کورد لە بەغدا دەکەن و بەردەوامی ئەم دۆخەش بەمەترسی بۆ سەر هەموو عێراق دەزانن.

H.B