حەشد ھەڕەشەی گەمارۆدانی سەرجەم بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا دەكات

ھەڕەشە لە سعودیە و ئیمارات و بەحرەینیش دەكات

K24 - ھەولێر

سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی هەڕەشەی گەمارۆدانی سەرجەم بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکات.

لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری گشتی میلیشیای سەیدولشوهەدا، هەڕەشەی گەمارۆدانی سەرجەم بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەكات و نوسیوویەتی "حەشدی شەعبی گەمارۆی باڵیۆزخانەی ئەمەریکای داوە، بەمنزیکانەش گەمارۆی سەرجەم بارەگا و سەربازگەکانی ئەمەریکا لەسەر خاکی عێراق دەدات".

ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی هەڕەشەی گەمارۆدانی باڵیۆزخانەکانی سعودیە، ئیمارات و بەحرەینیش کرد، کە بە پاشکۆی ئەمەریکا ناوی بردن.

هەروەها ئەو سەركردەیەی حەشد گەمارۆدانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لە تاران لە ساڵی 1979 بەوەی ئێستای بەغدا چواند.

ئەمە لەكاتێكدایە لە دوێنێ 31/12/2019ەوە لایەنگرانی حەشد و حزبوڵڵا، لە بەغدا گەمارۆی باڵیۆزخانەی ئەمەریكایان داوە.

ھ.م