لایەنگرانی حەشد ناكشێنەوە و ئەمەریكا ھێزی زیاتر رەوانە دەكات

ئەندام و لایەنگرانی حەشد بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكا چۆڵ ناكەن

K24 - ھەولێر

دوای ئەوەی چەکدار و لایەنگرانی حەشدی شەعبی و بە پێشڕەوی سەرکردەکانیان هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، دەستییان بە مانگرتن و هەڵدانی خێوەت کرد، لە بەردەم باڵیۆزخانەکە و دووپاتیدەکەنەوە، تا داخستنی باڵیۆزخانە و دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگرتن بەردەوام دەبن.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریكاش، زیاتر لە 100 مارێنزی رەوانەی باڵێۆزخانەکەی لە بەغدا کرد و بڕیاریداوە دوو هەزار سەربازی دیکەش رەوانەی عێراق بکات.

یەكێك لە لایەنگرانی حەشد لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا دەڵێ: "مانگرتنمان لێرە دەستپێکرد و خێوەتمان هەڵداون، سوورین لەسەر داخستنی باڵیۆزخانە و دەرکردنی ئەمەریکاییەکان، وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ خوێنی شەهیدان".

ژمارەیەکی زۆری ئەوانەی لێرەن، بەرپرس و چەکداری گرووپە جیاجیاکانی حەشدی شەعبین، بە تایبەت کەتائیبی حزبوڵڵا، ئەوان رایدەگەیەنن، تا داخستنی باڵیۆزخانە و دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە مانگرتن بەردەوام دەبن.

لایەنگرێكی حەشدی شەعبی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "ئێمە لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکاین، هەرشتێک بمانەوێت دەتوانین ئەنجامی بدەین، دژ بە دوژمنانی گەلی عێراق، ئەوانەی رۆڵەکانی ئێمەیان کوشت، ئەوانەی پێی گڵاویان خستە سەر ئەم خاکە، بۆیە پەنا بەخوا بەردەوام دەبین و خوێنی شەهیدانیشان بە فیڕۆ ناچێت".

دەرنگانی شەوی رابردووش، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، زیاتر لە 100 مارێنزی رەوانەی باڵێۆزخانەکەی لە بەغدا کرد و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتووشدا دوو هەزار سەربازی دیکە بگەیەنێتە عێراق.

ھ.م