له‌ په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ كار بۆ ده‌ركردنی ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێت

په‌رله‌مانتارێك: ساڵی 2020 ساڵی ده‌ركردنی ئه‌مه‌ریكایه‌ به‌ یاسا

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌ندامێكی هاوپه‌یمانی فه‌تحی هادی عامری، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، له‌ ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران واژۆ بۆ ده‌ركردنی هێزه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ عێراق كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ گوێره‌ی یاسا رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌منی و ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌.

سه‌عد خزعه‌لی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ هاوپه‌یمانی فه‌تح ده‌ڵێت: "ساڵی 2020 ناوونیشانه‌كه‌ی ده‌بێته‌ نه‌خێر بۆ بوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق"، دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ سه‌روه‌ری وڵات هێلی سووره‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت زیان به‌ عێراق و گه‌له‌كه‌ی بگه‌یه‌نن.

خزعه‌لی ده‌شڵێت: "واژۆمان كۆكردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ وه‌ده‌رنانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی په‌رله‌مان، به‌ هه‌موو هێزێكیش كار بۆ تێپه‌ڕاندنی یاساكه‌ ده‌كه‌ین".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی هاوپه‌یمانی فه‌تح ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ سه‌روه‌ری نیشتمانی له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌ و ئێمه‌ له‌به‌رده‌م دووڕیانێكین، یان ده‌بێت ده‌وڵه‌ت خاوه‌ن سه‌روه‌ری بێت و سه‌ر به‌ هیچ لایه‌نێك نه‌بێت، یانیش ده‌بێت وڵاته‌كه‌ بخه‌ینه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی هه‌ژموونی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا، كه‌ بێگومان رێگه‌ ناده‌ین ئه‌وه‌ی دووه‌م رووبدات.