به‌رپرسێكی عێراقی: باڵیۆزخانه‌ی وڵاتان هه‌وڵ ده‌ده‌ن چالاكییه‌كانیان له به‌غدا بگوازنه‌وه بۆ هه‌ولێر
"چیتر ناوچه‌ی سه‌وزی شاری به‌غدا بۆ نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان پارێزراو نییه"
K24- هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی عێراقی ئاشكرایكرد، دوای ئه‌وه‌ی لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا له ناوچه‌ی سه‌وز، باڵیۆزخانه‌ی وڵاتانی دیكه بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه چالاكییه‌كانیان له به‌غدا بگوازنه‌وه بۆ هه‌ولێر.
به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی "سومه‌رییه نیوز" ئه‌و به‌رپرسه عێراقییه كه ئاماژه به ناوی نه‌كراوه، رایگه‌یاندووه، "ژماره‌یه‌ك باڵیۆزخانه‌ی وڵاتان نیازی ئه‌م هه‌نگاوه‌یان هه‌یه، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ی كه ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان، دوای هه‌ڵكوتانه سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئیتر ناوچه‌ی سهزوزی شاری به‌غدا چیتر پارێزراو نییه و ده‌كرێت له هه‌ر كاتێكدا بێت هێرش بكه‌نه سه‌ریان".
گوتیشی: "ئێستا مه‌ترسی ئه‌وه له ئارادایه، ئه‌مه‌ریكا هه‌نگاوی نوێ بنێت، كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه گرژی زیاتری به‌دوادا بێت"، روونیشیكرده‌وه، "هه‌ندێك زانیاری ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، واشنتن چه‌ند بژارده‌یه‌كی له‌به‌رده‌سته، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی هێرشكردنه سه‌ر باڵیۆزخانه‌كه‌ی له به‌غدا بداته‌وه".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی عێراقی ئاشكرایكرد، "دوای رووداوه‌كانی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا، ژماره‌یه‌ك بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له عێراق خراونه‌ته حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه، له‌وانه‌ش باس له بنكه‌كانی تاجی، فڕۆكه‌خانه‌ی حه‌بانییه، عه‌ین ئه‌سه‌د، كۆشكه‌كانی كۆماری له مووسڵ، بنكه‌ی به‌رجسیه له به‌سره، بنكه‌ی به‌له‌د له سه‌ڵاحه‌دین، رۆستهمیهی باشووری به‌غدا".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه دووپاتیكرده‌وه، "هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌و بنكه سه‌ربازیانه چه‌ك و ئامرازی هێرشكردنیان نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستیاندایه، ته‌نیا چه‌ك و كه‌لوپه‌لی به‌رگریكردنه له خۆیان، به‌ڵام ئه‌ركی پاراستنیان له ئه‌ستۆی سوپایه، به‌تایبه‌ت له ده‌وروبه‌ری بنكه‌كان". ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێستا ته‌نیا رێگه‌ی چوونه‌ژووره‌وه به كاروانی ئۆتۆمبیله‌كانی سوپای عێراق ده‌درێت بۆ ئه‌و بنكانه".
هه‌ر ئه‌مڕۆش له به‌یاننامه‌یه‌كدا باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا راگرتنی كاره‌كانی راگه‌یاند و دووپاتیكرده‌وه، ته‌واوی چاوپێكه‌وتنه‌كانیش راگیراون.
له به‌یاننامه‌كه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكادا هاتووه، "كونسۆڵخانهكهمان له هه‌ولێر بۆ ڤیزا و خزمه‌تگوزاری هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكا به كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه".
داواش له هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكی له عێراق ده‌كات، "له بینایه‌ی باڵیۆزخانه‌كه‌یان له به‌غدا نزیك نه‌بنه‌وه".
جه‌ختیشی كرده‌وه، "كونسۆڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌یان له هه‌ولێر له پێدانی ڤیزا به‌رده‌وام ده‌بێت".
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر پێگه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له رۆژئاوای پارێزگای ئه‌نبار، كه تێیدا 25 چه‌كدار كوژران و 51ی دیكه‌ش بریندار بوون، ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كدار و لایه‌نگرانی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵای عێراقیی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا و دوو پرسگه‌ی باڵیۆزخانه‌كه‌یان سووتاند.
H.B