سه‌رۆك كۆمار: ده‌ستدرێژییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاسایشی ناوچه‌كه‌ی خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه
ئیدانه‌ی ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی كۆماری عێراقی فیدراڵ، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح له باره‌ی كوژرانی هه‌ریه‌ك له قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: به‌و په‌ڕی نیگه‌رانی و په‌ژاره‌وه هه‌واڵی شه‌هیدبوونی هه‌ردوو سه‌ركرده‌مان پێگه‌یشت كه رۆڵێكی گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان له شه‌ڕی دژ به رێكخراوی داعشی تیرۆریستی گێڕا.
هه‌روه‌ها هاتووه: ئێمه ئیدانه‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژی و دوژمنكارییه ده‌كه‌ین، كه سه‌ریكێشاوه بۆ به ئامانجگرتنی سه‌ركرده ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی عێراق و بێگومان لێكه‌وته‌ی ئه‌منیان له عێراق و ناوچه‌كه لێده‌كه‌وێته‌وه. به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به عه‌قڵ و لۆژیك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كرێت و هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی لێكه‌وته‌كانی ئه‌و دوژمنكارییه نه‌درێت، كه ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق و ناوچه‌كه‌ی به روونی خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌یدا سه‌رۆك كۆماری عێراق، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح داوای له هه‌موو لایه‌ك كردووه به دانایی و ئارامگرییه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ن و عێراق په‌لكێشی شه‌ڕێكی دیكه نه‌كه‌ن.