ڤیدیۆ.. وه‌سیه‌تنامه‌ی ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس بڵاوكرایه‌وه‌

حه‌شد بڵاویكرده‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

كه‌مێك پێش ئێستا سه‌رۆكایه‌تی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، گرته‌ی ڤیدیۆیی ده‌قی وه‌سیه‌تنامه‌ی ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ گرته‌ ڤیدیۆكه‌دا، موهه‌ندیس، په‌یامێك ئاراسته‌ی لایه‌نگرانی و كه‌سوكارو خێزانه‌كه‌ی ده‌كات.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئه‌ركی ئێمه‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و گه‌نده‌ڵییه‌ و كار بۆ چاكسازی و نه‌هێشتنی سته‌م ده‌كه‌ین.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، جێگری فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس و فه‌رمانده‌ی سوپای قودسی سوپای پاسداران، قاسم سوله‌یمانی له‌ ئاكامی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا كوژران.

وێستگه‌كانی ژیانی ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس

- ناوی جه‌مال جه‌عفه‌ر محه‌مه‌د عه‌لی ئال ئیبراهیمه‌. ناسراوه‌ به‌ ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس و له‌ ئێران پێی ده‌وترێت جه‌مال ئیبراهیمی و خاوه‌نی 19 نازناوه‌.

- له‌ ساڵی 1954 له‌ به‌سره‌ له‌دایكبووه‌. هاوسه‌ره‌كه‌ی ئێرانییه‌.

- له‌ 1973 زانكۆی ته‌كنۆلۆجی، به‌شی ئه‌ندازیاری مه‌ده‌نی خوێندووه‌ و له‌ 1977 زانكۆی ته‌واو كردووه‌.

- له‌ سه‌ره‌تای ژیانی ماوه‌یه‌ك له‌ كوه‌یت و له‌ ناوچه‌ی جابریه‌ ژیاوه‌.

- دوای ته‌واوكردنی خوێندن وه‌ك ئه‌ندازیار كاریكردووه‌ و دواتر دكتۆرای له‌ ئه‌ندازیاری خوێندووه‌.

- روویكردووه‌ته‌ حه‌وزه‌ی مه‌زهه‌بی و لای موحسین حه‌كیم له‌ به‌سره‌ خوێندوویه‌تی.

- له‌ قۆناغی ناوه‌ندییه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامییه‌وه‌ كردووه‌.

- له‌ دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران چه‌ند جارێك رووبه‌ڕووی ده‌ستگیركردن و راوه‌دوونان بووه‌ته‌وه‌.

- دوای كوژرانی محه‌مه‌د باقر سه‌در، ناچار بووه‌ رووبكاته‌ ئێران و له‌ 1980 عێراقی به‌جێهێشتووه‌.

- له‌ 1985 بووه‌ته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراق.

- وه‌ك سیاسی و سه‌ربازی له‌ فه‌یله‌قی به‌در كاری كردووه‌ و دواتر بووه‌ته‌ فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قه‌كه‌ تا دوای مانگێك له‌ رووخانی به‌عس له‌ عێراق فه‌رمانده‌ بووه‌ و دواتر وازی له‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی و فه‌یله‌قی به‌در هێناوه‌.

- له‌ 2003 به‌ دواوه‌ روویكردووه‌ته‌ كاری سیاسی و رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بووه‌ له‌ درووستكردنی هاوپه‌یمانییه‌كانی شیعه‌دا.

- دوای دامه‌زراندنی حه‌شدی شه‌عبی رۆڵێكی سه‌ره‌كی گێڕاوه‌ و بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌كانی.

- تۆمه‌تبار كراوه‌ به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌كانی فه‌ره‌نسا و ئه‌مه‌ریكا له‌ كوه‌یت له‌ ساڵی 1983 و له‌ ساڵی 1984 له‌ لایه‌ن دادگای كوه‌یته‌وه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌ركراوه‌.

- هه‌واڵگری كوه‌یت تۆمه‌تباری كردووه‌ به‌ هه‌وڵدان بۆ رفاندنی فڕۆكه‌یه‌كی هێڵی ئاسمانی كوه‌یت و هه‌وڵدان بۆ كوشتنی میری كوه‌یت له‌ 1985دا.

- له‌ دوای كه‌وتنی مووسڵ و سه‌رهه‌ڵدانی داعش، رۆڵێكی سه‌ره‌كی گێڕاوه‌ له‌ رێكخستنی حه‌شدی شه‌عبی و ئاماده‌كردنی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش.

- له‌ 27ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، هێزه‌ر ناوێرت، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له‌ باره‌ی ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس گوتی: ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس تیرۆریسته‌.

ناوبراو جه‌ختیكرده‌وه،‌ كه‌ موهه‌ندیس له‌ ساڵی 2009دا خراوه‌ته‌ ناو لیستی تیرۆری ئه‌مریكاوه.