فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شی عێراق له كوشتنی موهه‌ندیس توڕه‌یه
یاره‌ڵڵا: موهه‌ندیس پاڵه‌وان بوو
K24 - هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شی عێراق، كوشتنی ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی به پێشێلكردنێكی زه‌قی سه‌روه‌ری عێراق و ده‌رچوونی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له ئه‌ركی دیاریكراوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش ناوده‌بات.
عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یاره‌ڵڵا، جێگری فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شی عێراق له‌وباره‌یه‌وه به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند: "فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شی به‌داخه بۆ كوشتنی جه‌مال جه‌عفه‌ر ئیبراهیمی (ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس) كه شه‌وی رابردوو به‌هۆی كرده‌یه‌كی ترسنۆكانه له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندی حه‌شدی شه‌عبی كوژران".
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: "رۆڵی گه‌وره‌ی موهه‌ندیس له ئۆپراسیۆنه‌كان و رزگاركردنی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش بیردێنینه‌وه، موهه‌ندیس فه‌رمانده و پاڵه‌وانێك بوو به ئازایه‌تی و قاره‌مانێتی دژی داعش و تیرۆر جه‌نگاوه".
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، جێگری فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس و فه‌رمانده‌ی سوپای قودسی سوپای پاسداران، قاسم سوله‌یمانی له ئاكامی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا كوژران.
وێستگه‌كانی ژیانی ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس
- ناوی جه‌مال جه‌عفه‌ر محه‌مه‌د عه‌لی ئال ئیبراهیمه. ناسراوه به ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس و له ئێران پێی ده‌وترێت جه‌مال ئیبراهیمی و خاوه‌نی 19 نازناوه.
- له ساڵی 1954 له به‌سره له‌دایكبووه. هاوسه‌ره‌كه‌ی ئێرانییه.
- له 1973 زانكۆی ته‌كنۆلۆجی، به‌شی ئه‌ندازیاری مه‌ده‌نی خوێندووه و له 1977 زانكۆی ته‌واو كردووه.
- له سه‌ره‌تای ژیانی ماوه‌یه‌ك له كوه‌یت و له ناوچه‌ی جابریه ژیاوه.
- دوای ته‌واوكردنی خوێندن وه‌ك ئه‌ندازیار كاریكردووه و دواتر دكتۆرای له ئه‌ندازیاری خوێندووه.
- روویكردووه‌ته حه‌وزه‌ی مه‌زهه‌بی و لای موحسین حه‌كیم له به‌سره خوێندوویه‌تی.
- له قۆناغی ناوه‌ندییه‌وه په‌یوه‌ندی به حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامییه‌وه كردووه.
- له دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران چه‌ند جارێك رووبه‌ڕووی ده‌ستگیركردن و راوه‌دوونان بووه‌ته‌وه.
- دوای كوژرانی محه‌مه‌د باقر سه‌در، ناچار بووه رووبكاته ئێران و له 1980 عێراقی به‌جێهێشتووه.
- له 1985 بووه‌ته ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراق.