کوژرانی قاسم سولەیمانی بازاڕی کانزاکان دەشڵەژێنێ

گرێبەستەکانی مس لە بۆرسەی لەندەن بە رێژەی 1% بە دابەزین داخرا

K24 - ھەولێر

دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرمانداری فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە لایەن ئەمەریکاوە، نرخی مس و زۆربەی کانزاکانی دیکە دابەزین.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی وەبەرهێنەران خێرا روویان لە کڕینی ئەو سەرچاوانە کرد کە وەک پەناگەیەکی ئارام بەکاردەهێندرێن نموونەی زێڕ، بە تایبەت دوای ئەوەی ئێران رایگەیاند، وەڵامیان بۆ هێرشەکانی ئەمەریکا دەبێت.

بەمەش گرێبەستەکانی مس لە بۆرسەی لەندەن بە رێژەی 1% بە دابەزین داخرا، و نرخی هەر تەنێکی گەیشتە 6129.50 دۆلار.

هەروەها ئەو کانزا سوورە کە لە بواری وزە و بیناسازیدا بەکاردەهێندرێت لە تەواوی هەفتەی رابردوودا بە رێژەی 1.56% دابەزینی تۆمارکرد.

لە هەمان کاتدا دوای هەڵکشانی گرژییەکان دوای کوژرانی سولەیمانی، گرێبەستەکانی نیکڵ بە رێژەی 3.5% بۆ 13755 دۆلار بۆ هەر تۆنێک دابەزی.

هاوکات گرێبەستەکانی زینکیش بە رێژەی 0.2% بۆ 2306 دۆلار بۆ هەر تۆنێک دابەزی، و گرێبەستەکانی قورقشمیش بۆ 1919 دۆلار بۆ هەر تۆنێک و گرێبەستەکانی کانزای ژریژە بە رێژەی 2.2% بۆ 16800 دۆلار بۆ هەر تۆنێک دابەزین. بەڵام گرێبەستەکانی ئەلەمنیۆم بە پێچەوانەوە بە رێژەی 1.1% بەرزبوونەوە کۆتایی بە گرێبەستەکانی هێنا و بۆ 1824 دۆلار بۆ هەر تۆنێک بەرزبووەوە.

ھ.م