کوژرانی سولەیمانی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی چوار مانگی رابردوو بەرز دەکاتەوە
گرژیی نێوان ئەمەریكا و ئێران دڵەڕاوكێ دەخاتە بازاڕەوە
K24 - ھەولێر
نرخی زێڕ بە بەرزترین ئاستی چوار مانگی رابردووی داخرا، کە هۆکارەکەی دڵەڕاوکێ و هەڵکشانی گرژییەکان دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرمانداری فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانە لە لایەن ئەمەریکاوە.
بەهۆی ئاڵۆزییەکان دۆخێکی دڵەڕاوکێ لە بازاڕەکاندا دروستبووە ترس لە هەڵکشان و پێکدادان لەنێوان هەردوو وڵات دەکرێت، بەوەش وەبەرهێنەران بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان روو لە پەناگە ئارامەکان دەکەن.
نرخی زێڕ لە کۆتا مامەڵەکانی بە رێژەی 1.77% و 27.05 دۆلار بەرزبوونەوەی بۆ 1555.15 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک تۆمارکرد.
تا ئێستا زێڕ بەهێزترین پەناگەی ئارامە و لە لایەن وەبەرهێنەرانەوە، کە بۆ خۆپاراستن لە مەترسی و نا دڵنیاییەکان خواستێکی زۆری لەسەرە.
پێشبینی دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا پاڵپشتی بۆ بەرزبوونەوەی ئەو کانزا زەردە زیاد بکات، بە تایبەت دوای ئەوەی ئێران رایگەیاند، بە توندی وەڵامی هێرشەکانی ئەمەریکا دەداتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی ئەیلوولی رابردووەوە نرخی زێڕ بەو شێوەیە بەرزنەبووەتەوە، کاتێک جەنگی بازرگانی نێوان واشنتن و پەکین هەڵکشانی زیاتری بەخۆیەوە بینی، و هێرش کرایە سەر دوو دامەزراوەی نەوتی سعوودیە. هەروەها بانکی فیدڕاڵی ئەمەریکاش رێژەی سوودی دابەزاند.
سەرەڕای زێڕ، زۆربەی کانزا بە بەهاکانی دیکەش بەرزبوونەوە، بە جۆرێک زیو 0.5% بۆ 18.14 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە، هاوکات کانزای پلاتینیش گەیشتە 1000 دۆلار بەڵام دواتر بە رێژەی 0.7% بەرزبوونەوە بە ئاستی 992 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک داخرا.
سەرەڕای کوژرانی قاسم سولەیمانی، داتا نەرێنییەکانی ئەمریکا پاڵپشتی لە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ کرد، کە تێیدا پێنوێنی بەڕێوەبەرانی فرۆشی پیشەسازی لە 48.1 خاڵی مانگی تشرینی دووەم بۆ 47.2 خاڵ لە مانگی کانوونی یەکەم دابەزی.
ھ.م