بەشێک لە گەنجانی عێراق لە مەیدانی تەحریر بژێوی ژیانیان پەیدا دەکەن
خۆپیشاندەران داوا دەکەن گرنگی بە بەرهەمی خۆماڵی بدرێت
K24 - بەغدا
دوو مانگ زیاترە گەنجانی عێراق لە گۆڕەپانی تەحریر مانیان گرتووە، کێشەی سەرەکیان بێکارییە، بەڵام گردبوونەوەی ئەو ژمارە زۆرە دەرفەتی کاری بۆ کۆمەڵێک گەنج رەخساندووە، کە بەشێکیان کاری دەستی دەکەن و بەرهەمەکانیان دەفرۆشن. هەندێک گەنجی دیکەش پێداویستییەکانی خۆپیشاندەران دەفرۆشن بەوەش بژێوی رۆژانەیان پەیدا دەکەن.
گەنجێكی دانیشتووی بەغدا بەناوی ئەحمەد لەگەڵ ھاوڕێكانی، چادرێکی ناڕەزاییان ھەڵداوە، ئەوان پیشەکەیان ھێناوەتە گۆڕەپانی تەحریر، کاری سەرەکی ئەوان دروست کردنی دیزاینی پەیکەرە بۆ بینا و باڵاخانەکان، ئەوان ھاوڕان لەگەڵ خۆپیشاندەرەکان، داواش دەکەن کارگە ناوخۆییەکان بەکار بخرێنەوە و سود لە توانای گەنجەکان وەربگیڕێت، وەک ئەحمەد ئاماژەی پێدەکات توانایەکی مرۆیی و دەستێکی کاری بەھێز لە ناو گەنجانی عێراقدا ھەیە.
زۆربەیان ئەوانەی لە گۆڕەپانی تەحریرن بێکارن، ھاتوون بۆئەوەی داوای گۆڕینی حکومەتێک بکەن، کە وەک خۆیان دەڵێن نوقمی گەندەڵی بووە، بەشێکی تر لە خۆپیشاندەران باس لەوە دەکەن، ساڵانە بڕێکی زۆر پارە بۆ کڕینی کاڵا و شمەکی بێ کواڵیتی لە عێراقدا دەچێتە دەروە، کەچی حکومەت ھەر بەخەیاڵیشدا نایەت گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆ بدات.
ئێستا عێراقییەکان بەیەک دەنگ داوای دووبارە بنیات نانەوەی ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەیان دەکەن، بەدانانی کەسێک کە ببێتە والی وڵاتەکەیان کە ھەم داھاتەکەی بە دادپەوەرانە دابەش بکات و ھەمیش گرنگی زیاتر بە بەرھەمی ناخۆ بدات.
ھ.م