بەریتانیا هێزی تایبەتی رەوانەی عێراق کرد

دوو کەشتی جەنگیشی هێنایە ئاوەکانی کەنداو

K24 – هه‌ولێر:

بەریتانیا هێزی تایبەتی ئاسمانی SAS و دەریاوانیی رەوانەی عێراق دەکات تاوەکو گیانی بەریتانییەکانی عێراق لە هەر رەوشێکی نالەبار بپارێزن.

رۆژنامەی میرۆری بەریتانی ئاشکرایکردووە، ئێستا هەزار و 400 سەرباز و کارمەندی حکوومەتی بەریتانیا لە عێراق بوونیان هەیە، ناردنی هێزە تایبەتەکەش بۆ ئەوەیە، لەکاتی بڕیاری کشانەوەی بەریتانییەکانی عێراق، هێزەکە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکە بکەن.

جیا لەوەش، شەوی رابردوو بێن واڵاس، وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیند، دوو کەشتی جەنگی بەریتانی رەوانەی ئاوەکانی کەنداو بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی بەریتانیا کراون. کەشتیەکان بەرپرسیش دەبن لە پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکانی بەریتانیا لە گەرووی هورمز و ئاوەکانی کەنداو.

تاوەکو ئێستا، بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، هیچ راگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی عێراق بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت، دوای گەڕانەوەی لە گەشتەکەی، لێدوان بدات.

کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی قودس، ئەگەری پێکدادانی سەربازیی نێوان ئەمەریکا و ئێرانی زیاد کردووە، بۆ ئەمەش وڵاتانی رۆژئاوا، ئامادەکاریی بۆ هەر پێشهاتێک دەکەن.