هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی چاڵاكییه‌كانی له دژی داعش ده‌وه‌ستێنێت
به‌هۆی گرژییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران پارێزگاری له بنكه‌كانی ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعش، كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت، چالاكییه‌كانی له دژی رێكخراوی داعش له عێراق و سووریا هه‌ڵپه‌سارد.
ئاژانسی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه، به‌هۆی گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه، هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی زۆربه‌ی چالاكییه‌كانی له دژی رێكخراوی داعش هه‌ڵپه‌سارد، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا دۆخه‌كه وا ده‌خوازێت، له بری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش پێویسته هاوپه‌یمانێتییه‌كه پارێزگاری له هێز و بنكه‌كانی بكات.
ئه‌و ئاژانسه له زاری به‌رپرسێكی هاوپه‌یمانێتییه‌كه گواستییه‌وه، "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌كرێت هاوپه‌یمانێتییه‌كه ته‌نیا چه‌ند چالاكیه‌كی سه‌ربازی له چوارچێوه‌ی به‌رگریكردن له خۆیان له دژی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان ئه‌نجام بدات".
دوای هێرشه ئاسمانییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا، كه بووه هۆی كوژرانی هه‌ریه‌ك له قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده‌كانی حه‌شد، به‌هۆی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران دۆخی ناوچه‌كه ئاڵۆزتر بووه.
له‌كاتێكیشدا ئه‌مه‌ریكا جه‌خت ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر ئێران هه‌ر هه‌نگاوێك له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له ناوچه‌كه بنێت، گورزێكی كه‌مه‌رشكێن لێی ده‌وه‌شێنن، ئێرانیش سووره له‌سه‌ر تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یی كوژرانی سوله‌یمانی له ئه‌مه‌ریكا.
H.B
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز