عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ڵێت كار بۆ ده‌ركردنی بیانییه‌كان ده‌كه‌ین و تره‌مپیش هه‌ڕه‌شه‌ی نوێ ده‌كات

ناتۆ كۆده‌بێته‌وه‌ و ماكرۆن په‌یوه‌ندی به‌ عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق، وه‌ڵامی په‌یوه‌ندی هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، ئیمانوێڵ ماكرۆن و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی دایه‌وه‌.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا لێكه‌وته‌كانی كوژرانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران، جه‌نه‌راڵ قاسم سوله‌یمانی كرا.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق رایگه‌یاند، كار ده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ده‌ركردنی بیانییه‌كان ده‌ریكرد.

گوتیشی: ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێكمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ و كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ بكه‌ین.

ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بڕیاریدا، حكومه‌تی عێراق پابه‌ند بكات به‌ ده‌ركردنی بیانییه‌كان له‌ عێراق.

هاوكات ئه‌مڕۆ فه‌ره‌نسا پشتیوانی خۆی بۆ هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا له‌ باره‌ی فه‌یله‌قی قودس ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، پێویسته‌ چالاكییه‌كانی ئه‌و هێزه‌ ئێرانییه‌ سنووردار بكرێت.

له‌ نوێترین پێشهاتدا، دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، هه‌ر هێرشێك بكرێته‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به‌و په‌ڕی توندییه‌وه‌ و بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كۆنگرێس وه‌ڵامی ده‌ده‌ینه‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، سكرتێری په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی(ناتۆ)، ینس ستۆلتنبرگ، داوای له‌ ئه‌ندامانی ناتۆ كرد، سبه‌ی له‌ برۆكسل ئاماده‌بن بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ باره‌ی ره‌وشی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و لێكه‌وته‌كانی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران.

هاوكات ئه‌مڕۆ ناتۆ بڕیاریدا ئه‌ركی راهێنان به‌ سوپای عێراق رابگرێت، ئه‌مه‌ش به‌ هۆی ئه‌و مه‌ترسییه‌ ئه‌منییانه‌ی دوای كوژرانی قاسم سوله‌یمانی رووبه‌ڕووی راوێژكاره‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌ عێراق بووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا بڕیاریدا پرۆگرامی راهێنان به‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان رابگرێت، به‌ هۆی ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌كیانه‌ی ده‌كرێته‌ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانیان.

له‌ پێشهاتێكی نوێدا ئه‌مشه‌و (5) مووشه‌ك ئاراسته‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا كران.

په‌یامنێری كوردستان24 له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، ئه‌مشه‌و (5) مووشه‌ك ئاراسته‌ی ده‌وروبه‌ری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا كراوون.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌و مۆڵه‌ته‌ كۆتایی هات، كه‌ فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌ تایبه‌ته‌كانی گرووپی "كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵای عێراق" بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی دیار كردبوو، تاوه‌كو بۆ مه‌ودای یه‌ك كیلۆمه‌تر له‌ باره‌گاكانی ئه‌مه‌ریكا دووربكه‌ونه‌وه‌ و خۆیان نه‌كه‌نه‌ قه‌ڵغانی مرۆیی بۆ پاراستنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.