هەڕەشەکانی ترەمپ نرخی نەوتی بەرزکردەوە

ترەمپ هەڕەشەی سزادانی عێراق دەکات

K24 – هه‌ولێر:

بەهۆی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە عێراق، نرخی نەوت بەرزبووەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بەهۆی هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە، نرخی نەوتی بە رێژەی 2% ئەمڕۆ دووشەممە بەرزبووەوە. بەمجۆرەش، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت، گەیشتە 70 دۆلار.

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، ئەمەریکا دەستبەرداری عێراق نابێت تەنیا ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق تێچووی دروستکردنی ئەو بنکە ئاسمانیە بدەن کە لەلایەن واشنتنەوە بە چەندین ملیار دۆلار دروستکراوە.

ترەمپ گوتیشی ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بکەن، ئەوا سزایەکی توند بەسەر ئەو وڵاتە دەسەپێنن کە پێشتر وێنەی نەبووە و لەو سزایانەش قورستر دەبێت کە بەسەر ئێراندا سەپێندراون.

H.J