بەشیر حەداد: دەركردنی ھێزە بیانییەكان كاری پەرلەمان نییە
"ئەو بابەتە لە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی پەرلەمان نییە"
K24 - بەغدا
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دەركردنی ھێزە بیانییەكان لە بەرنامەی كاری ئەمڕۆی پەرلەمان دا نییە و ئەو پرسە كاری پەرلەمان نییە.
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان دانیشتنێكی نا ئاساییە و لەسەر داوای ژمارەیەك پەرلەمان رێكخراوە و تایبەتە بە رووداوی كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەھدی موھەندیس".
گوتیشی: "پڕۆژەیاسای دەركردنی ھێزە بیانییەكان لە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان نییە، بەڵام رەنگە ژمارەیەك پەرلەمانتار واژۆ كۆبكەنەوە بۆ ئەوەی پێشنیاری یاسایەك بكرێت بۆ دەركردنی ھێزە بیانییەكان بەتایبەتی ئەمەریكا، بەڵام ئەو پرسە پەیوەندیی بە ھەموو پێكھاتەكانی عێراقەوە ھەیە و پێویستە رێككەوتنی لەسەر بكرێت، ئەو بابەتە پەیوەندیدار نییە تەنھا بە لایەنێك".
بەشیر حەداد، راشیگەیاند: "رێككەوتنی نێودەوڵەتی لەنێوان ئەمەریكا و عێراق ھەیە، ئەگەر عێراق بیەوێت لەو رێككەوتنە دەرچێت، دەبێ بەپێی میكانیزم بێت و پێشتر ئەمەریكا ئاگادار بكاتەوە، بەڵام ئەوە كاری پەرلەمان نییە، چونكە پێشتر حكوومەت رێككەوتنەكەی كردووە و دەبێ ئێستاش حكوومەت بڕیاری لێبدات".
ھ.م