"مانەوەی هێزە بیانییەکان هۆکارێکە بۆ سەقامگیری عێراق"

بەشێك لە ھاووڵاتیان لەگەڵ مانەوەی ھێزە بیانییەكانن

K24 - ھەولێر

سەبارەت بە مانەوەی ھێزە بیانییەكان لە خاكی عێراق و پێشێلكردنی سەروەری خاكی ئەم وڵاتە، بەشێك لە ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان لەو بڕوایەدان باشتر وایە ئەو ھێزانە بمێننەوە و لە ئەگەری مانەوەیان لە ناوچەكە ئاسایش و ئارامی باڵ بە سەر ناوچەكەدا دەكێشێت. ھەندێك لە ھاووڵاتیانیش دەڵێن "ئەوان تائێستا ھیچیان بۆ كورد نەكردووە و لە كاتی ریفراندۆمیش پشتیان لە كورد كردووە".

گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران بووەتە باسی گەرمی مەجلیس و شوێنە گشتییەكان. سامی فاتیح، تەمەنی 76 ساڵە ئەو دەڵێ: "ھێزێكی وەك ئەمەریكا لە عێراق نەبێت كوردستان مەترسی لەسەردەبێت، بۆیە پێم خۆشە ھێزێك ھەبێت و دۆخەكە رابگیرێت".

ھاووڵاتیانی كوردستان بۆچوونی جیاوازیان ھەیە بۆ مانەوەی ھێزە بیانییەكان. ھاووڵاتییەك بەناوی ھیوای خەلیل بە كوردستان24ی گوت: "لە ساڵی 2003وە بەغدا لەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، ئەویش ھێزێكی بیانییە. پێم باشە ھەموو ھێزەكان لە عێراق بكشێنەوە و پێكھاتەكانی عێراق پێكەوە بژین".

ھەرێمی كوردستان شوێنێكی ئارامە لە ناوچەكە بە بەراورد به‌ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق، بۆیه‌ زۆر بە كەمی ھێزە بیانییەكان ھێرشیان كراوەتە سەر و بە ئارامی بە ناونگە، بەڵام زۆرێك لە ھاووڵاتیان لەگەڵ مانەوەی ھێزە بیانییەكانن لە عێراق.

ھ.م