سەرۆکی ئەپڵ 11 ملیۆن دۆلار زیان دەکات
قازانجەکانی سەرۆکی ئەپڵ دابەزین تۆمار دەکات
K24 - ھەولێر
قازانجەكانی سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای ئەپڵ ئاشكرا دەكرێت و دەركەوتووە كە 11 ملیۆن دۆلار زیانی تۆماركردووە.
بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، تیم كۆك سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای ئەپڵ دوای ئەوەی كۆی مووچە و پاداشتەكانی ساڵی 2019ـەی بەدەست گەیشتووە، دەركەوتووە كە بڕی 11 ملیۆن دۆلار زیانی تۆماركردووە و بەو جۆرەش بەھای قازانجەكانی لە 2019 دەگاتە 125 ملیۆن دۆلار.
بەگوێرەی راپۆڕتێكی دەستەی كاخەزە داراییەكان و بۆرسە، سەرەڕای ئەوەی مووچەی كۆك دەگاتە 3 ملیۆن دۆلاری ساڵانە و لە 2019 دا وەك خۆی مایەوە، بەڵام پاداشتەكەی لە 12 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 7 ملیۆن و 670 ھەزار دۆلار كەمبووەتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە ھەفتەی رابردوو كۆك بڕی دوو ملیۆن دۆلاری لە پشكەكانی ئەپڵ بەخشیە كۆمەڵەیەكی خێرخوازی بێ ئەو ناو و بوارەكەی ئاشكرا بكات.
ھ.م