چه‌ند عێراقییه‌ك به پلایس شوێنی وڵاته‌كه‌یان له‌سه‌ر نه‌خشه ده‌گۆڕن
ده‌یبه‌نه ناوچه‌یه‌كی جیهان بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌چێت بۆ لایان
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌و بارودۆخه‌ی ساڵانێكه عێراقی گرتووه‌ته‌وه و بووه به مه‌یدانی ململانێ هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌شێكی زۆری عێراقییه‌كانی به ئه‌ندازه‌یه‌ك نیگه‌ران و بێ ئومێد كردووه، چه‌ندین نوكته و نمایش و ڤیدیۆی سه‌یر له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌یان بڵاوبكه‌نه‌وه.
به‌تایبه‌تی به‌هۆی ململانێكانی ئه‌مه‌ریكا و ئێران له عێراق، زۆرێك له هاووڵاتیانی عێراقی له سوشیال میدیاكانه‌وه نوسییان "ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت ئێران له عێراق بچێته ده‌ره‌وه، ئێرانیش ده‌یه‌وێت ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌ربچێت، به‌ڵام كێشه نییه ئێمه‌ی عێراقی ده‌رده‌چین و بۆتان جێده‌هێڵین".
هه‌روه‌ها چه‌ند گه‌نجێكی عێراق ڤیدیۆیه‌كیان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكردووه‌ته‌وه و له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان ته‌ماشای نه‌خشه‌ی وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، له شوێنێكداین ناتوانین بۆ هیچ لایه‌ك بڕۆین، چوارده‌ورمان به ئێران و سووریا و وڵاتانی هاوشێوه گیراوه، به‌ڵام ئێستا ئێمه كارێك ده‌كه‌ین كه هیچ كه‌سێك كاری وای پێنه‌كرێت".
یه‌كێك له‌و گه‌نجانه له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان به پلایسێك نه‌خشه‌ی عێراق ده‌بڕێت و پاشان به‌ناوچه جۆراوجۆره‌كانی جیهان و ناو زه‌ریاكاندا ده‌یگێڕێت و ده‌ڵێت: "بوونمان لێره سوودی نییه، ئێستا عێراق ده‌كه‌م به دوورگه‌یه‌ك كه‌س نه‌زانێت له كوێیه، ده‌یباته گۆشه‌یه‌كی دووری زه‌ریای هێمن و ده‌ڵێت لێره‌ی داده‌نێین جگه له ماسی كه‌س ناتوانێت بێت بۆ لامان". ئه‌وه‌ش وه‌ك ده‌ربڕینی نیگه‌رانیی و بێزارییانه له‌و دۆخه‌ی وڵاته‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه.
عێراقییه‌كان به‌هۆی ململانێ و هه‌ژموونی وڵاتانه‌وه ساڵانێكه باجێكی قورسی ئه‌و بارودۆخانه ده‌ده‌ن كه وڵاته‌كه‌ی پێدا تێپه‌ڕیووه، چه‌ندین جار خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ریی كراوه بۆ ئه‌وه‌ی ژیان و گوزه‌رانیان باش بكرێت و وڵاتانی هه‌رێمیی ده‌ست نه‌خه‌نه كاروباری عێراقه‌وه، له سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردووشه‌وه خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حكوومه‌ت ده‌ستیپێكرد. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، تا ئێستا داخوازییه‌كانی خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ نه‌بووه.
رووداوی كوشتنی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدرانی ئێران و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری پێشووی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و هاوڕێكانیان له ده‌وروبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا رۆژی 3/1/2020، هێنده‌ی دیكه بارودۆخی عێراق و ناوچه‌كه‌ی ئاڵۆز كردووه و كار گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی به‌هۆی بڕیاری ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، واشنتن بیر له سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر به‌غدا بكاته‌وه و نه‌هامه‌تی زیاتریش به‌رۆكی عێراقییه‌كان بگرێت.