هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی: له عێراق ناكشێینه‌وه
"ئه‌و ده‌نگۆیانه له‌راستییه‌وه دوورن كه باس له گواستنه‌وه‌ی باره‌گای هێزی هاوپه‌یمانا بۆ كوه‌یت ده‌كه‌ن"
K24- هه‌ولێر:
هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له دژی داعش كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت، دووپاتی ده‌كاته‌وه، هیچ نیازێكیان بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له عێراق نییه و ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ش له راستییه‌وه دوورن، كه باس له گواستنه‌وه‌ی به‌شێك له باره‌گاكه‌ی بۆ وڵاتی كوه‌یت ده‌كه‌ن.
ئاژانسی سپۆتنیكی رووسی له وته‌بێژێكی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی گواستییه‌وه: "هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له ساڵی 2014ـه‌وه له هه‌ردوو باره‌گاكانیه‌وه له كوه‌یت و عێراق سه‌ركردایه‌تی شه‌ڕی دژ به داعشی كردووه و ئێستا نییه كه باره‌گای له كوه‌یت هه‌یه و هیچ نیازێكیشی بۆ كشانه‌وه له عێراق نییه".
ئه‌مه دوای ئه‌وه هاتووه، دوێنێ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پڕۆژه یاسای ده‌رچوونی هێزه بیانییه‌كان له‌ناو خاكی عێراق، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌منیی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی داواكاری عێراق بۆ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی بۆ شه‌ڕی دژ به تیرۆر په‌سه‌ند كرد.
دوای هێرشه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی رابردووی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا، كه تێیدا هه‌ریه‌ك له قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و ژماره‌یه‌ك له یاوه‌رانی تێیدا كوژران، گرژی نێوان واشنتن و تاران زیاتر بوون.
له كاردانه‌وه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌مه‌ریكاشدا، ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له واشنتن ده‌كه‌ن.
H.B