ئەمەریکا و عێراق پێچەوانەی ئێران باس لە زیانی هێرشەکانی سوپای پاسداران دەکەن

زیانەکان چین؟

K24 – هه‌ولێر:

محەمەد باقری سوپاسالاری سوپای ئێران لە دوای هێرشکردنە سەر دوو بنکەی سەربازی ئەمەریکا لە عێراق رایگەیاند، ئێستا ئەمەریکا لە تواناکانی ئێران تێدەگات.

راشیگەیاند، دەبێت بە زووترین کات ئەمەریکا لە ناوچەکە بکشێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فارس، لە زاری بەرپرسانی سوپای ئێران بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکان، 80 سەربازی ئەمەریکی کوژراون و 200 دیکەش بریندارن، بەڵام وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و سوپای عێراق  تەواو پێچەوانە لێدوان دەدەن و دەڵێن هیچ زیانێکی گیانی لە هێرشەکانی ئێران نەبووە.

تەلەفزیۆنی فەرمی حکوومەتی ئێرانیش بڵاویکردەوە، لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی ئەوەی هەموو شتێک باشە و هێرشەکان زیانیان نەبووە، راست نییە و بۆ شاردنەوەی زیانەکان ترەمپ ئەو لێدوانەی داوە.

سوپای عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران 22 مووشەکی ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا کردووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیان بە دواوە نەبووە.

H.J