دوو كۆمپانیای فڕۆكه‌وانی گه‌شته‌كانیان بۆ به‌غدا راگرت
"سه‌لامه‌تی گه‌شتیارانمان له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه
K24 - هه‌ولێر:
كۆمپانیای فلای دوبه‌ی ئیماراتی گه‌شته ئاسمانییه‌كانی بۆ به‌غدای پایته‌ختی عێراق هه‌ڵپه‌سارد و ته‌نها گه‌شته‌كانی به‌سره و نه‌جه‌ف به‌رده‌وام ده‌بێت.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، "فڕۆكه‌وانی ئیمارات" به هه‌مان شێوه گه‌شته‌كانی له دوبه‌ی بۆ به‌غدا و به پێچه‌وانه‌وه هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه، وه‌ك كۆمپانیاكه ئاماژه‌ی بۆ كردووه، له نزیكه‌وه چاودێری دۆخه‌كه ده‌كه‌ن و سه‌لامه‌تی گه‌شتیارانیان له سه‌رووی هه‌مووی شتێكه‌وه‌یه.
كۆمپانیاكه له راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "له نزیكه‌وه چاودێری پێشڤه‌چوونه‌كان ده‌كه‌ین و له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامداین له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران، سه‌لامه‌تی گه‌شتیاران و تاقمی فرۆكه‌وانی كۆمپانیاكه‌مان له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه".
راگرتنی ئه‌و گه‌شتانه دوای هێرشه مووشه‌كیه‌كانی ئێرانه بۆ بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د له رۆژئاوای ئه‌نبار، كه نزیكه‌ی له كۆی ئاراسته‌ی 15 مووشه‌ك، 9 مووشه‌ك له بنكه سه‌ربازییه‌كه كه‌وتوونه‌ته خواره‌وه.
به گوێره‌ی ئاژانسه هه‌واڵییه‌كانی ئێران، هێرشه‌كه سوپای پاسداران ئه‌نجامیداوه و وه‌ك تۆڵه‌یه‌كه به‌رامبه‌ر به كوشتنی "قاسم سوله‌یمانی" فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی سوپای پاسدارانی ئێران، كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه كوژرا.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ش، ده‌سه‌ڵاتی فیدرالی فڕۆكه‌وانی ئه‌مه‌ریكا، له كۆمپانیاكانی فڕۆكه‌وانی وڵاته‌كه‌ی قه‌ده‌غه‌كردووه، فڕۆكه‌كانیان به ئاسمانی عێراق، ئێران، سه‌ر ئاوه‌كانی كه‌نداو و سنووره ئاوییه‌كانی نێوان ئێران و سعوودیه هه‌ڵبفڕن.
ئ. م