سه‌در: به وتاره‌كه‌ی تره‌مپ و ئێران قه‌یرانه‌كه كۆتایی هات
داوای داخستنی باره‌گاكانی حه‌شد ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له په‌یامێكی نوێیدا رایگه‌یاند، ئه‌و كێشه‌یه‌ی هه‌بوو، به وتاره‌كه‌ی تره‌مپ و گوتاری كۆماری ئیسلامی ئێران كۆتایی هات و ئیدی كاتی ئه‌وه‌یه په‌له بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی به‌هێز، كه شكۆ و سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی بۆ عێراق بگێڕێته‌وه.
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: پێویسته پێنج كاندید دیار بكرێن و له ماوه‌ی (15) رۆژدا پرسی سه‌رۆك وه‌زیران دوور له هاشوهووشی سیاسی و په‌رله‌مانی و تائیفی یه‌كلا بكرێته‌وه.
سه‌در ئه‌وه‌شی نووسیوه: هه‌وڵبدرێت كۆتایی به بوونی "داگیركه‌ر" له عێراق و زاڵبوونی هه‌ژموونی به‌رده‌وام و ده‌ستتێوه‌ردانی له كاروباری عێراق بهێنرێت.
له خاڵێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌در داوایكردووه، لایه‌نه عێراقییه‌كان هیچ جووڵه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌نجام نه‌ده‌ن و ئه‌و ده‌نگه ریزپه‌ڕ و نا رێكخراوانه‌ی هه‌ن كپ بكرێت تا كاتی تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌موو رێگه سیاسی و په‌رله‌مانی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
هه‌روه‌ها ئامۆژگاری حه‌شدی شه‌عبی كردووه، باره‌گاكانی دابخات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بنه ئامانجی "خۆسه‌پێنی جیهانی".