ئایا ئێران بە مەبەست نەیویست زیانی گیانی لە هێرشەکانی هەبن؟

چەند زانیارییەک لەبارەی هێرشەکانی ئەمەریکا

K24 – هه‌ولێر:

هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق، زیانی گیانی بەدواوە نەبوو، ئەمەش گومانی لای خەڵک و میدیاکان دروست کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای پاسداران، ئێران دەیان مووشەکی ئاراستەی بنکەی عەین ئەسەد کردووە، بەهۆی بەکارهێنانی کڵاوەی تایبەت، ئەمەریکییەکان نەیانتوانی رێگا لە مووشەکەکان بگرن.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش لای خۆیەوە رایگەیاند، ئێران مووشەکی ئاراستەی بنکەکانی عەین ئەسەد و بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە و زیانە مادییەکانیش زۆر کەمن.

سوپای عێراقیش بڵاویکردەوە، مووشەکەکانی ئێران هیچ زیانێکی گیانیان بە دواوە نەبووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هەمان زانیاری پشتڕاستکردەوە.

ئایا ئێران نەیویستووە زیانی گیانی هەبێت؟

بەگوێرەی هەواڵێکی بی بی سی، چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ئەمەریکا و ئەوروپا بە ئاژانسی رۆیتەرزیان گوتووە، ئێران بە مەبەست نەیویستووە زیانی گیانی هەبێت چونکە نەیویستووە دۆخەکە بتەقێتەوە و لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت.

جەیک تاپەر، رۆژنامەنووس لە سی ئێن ئێن لە زاری چەند بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، ئێران بە مەبەست نەیویستووە زیانی گیانی لە هێرشەکان هەبێت.

رۆژنامەی واشنتن پۆستیش ئاشکرایکردبوو، ئێوارەی رۆژی سێ شەممە، بەرپرسانی ئەمەریکا زانیاری ئەوەیان پێدرابوو کە ئێران هێرش دەکاتە سەر بنکە سەربازییەکانیان. هەواڵگیری عێراقیش، ئەو زانیاریانەی بە ئەمەریکییەکان گوتووە.

هەروەها، بی بی سی ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی پێنتاگۆن ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە، چەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکان، ئەمەریکا سەربازەکانی ئاگادارکردووەتە کە خۆیان بپارێزن.

بۆچوونێکی دیکەش هەیە کە پێی وایە، تەکنەلۆژیای ئەمەریکا و چانس هۆکاربوون بۆ ئەوەی هێرشەکانی ئێران زیانی گیانیان نەبێت. هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی ئەمەریکا بە مووشەکی دوورهاوێژیش بە پێشهاتێکی مەترسیدار دەزانن.