قوتابیان لە کۆنی باڵەخانەی کۆلێژەكان نیگەرانن
وەزیری خوێندنی باڵا: نۆژەنكردنەوەی باڵەخانەكان لە پلانی چوار ساڵەمان دایە
K24 - ھەولێر
کۆنی بەشێک لە بینای کۆلێژ و بەشەکانی ناو زانکۆ حکومییەکان قوتابیانی نیگەران کردووە، چونکە وەک خۆیان دەڵێن لە وەرزی گەرماو سەرمادا کێشەیان بۆ دروست دەبێت، لەبەر نەبوونی ھۆڵی خوێندن چەند کاتژمێرێک لە چاوەڕوانیدا دەمیننەوە، وەزیری خوێندنی باڵاش باس لە پلانی چوار ساڵەیان دەکات و نۆژەنکردنەوەی بینای زانکۆکان بە کاری لەپێشینەیان دەزانێت.
بوشرا کەریم، قوتابییە لە یەكێك لە زانكۆكانی كوردستان و دەڵێ: "لە بەیانییەوە دێینە كولێژ، بەھۆی نەبوونی جێگا بۆ خوێندنی وانەكان زۆر جار چوار كاتژمێر دوادەكەوین، ھەر چاوەڕێ دەكەین تا شوێن ھۆڵێك چۆڵ دەبێت. ئەو شوێنەی كە وانەكانی لێدەخوێنین كابینەیە نەك باڵەخانە".
ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەناو پلانی چوارساڵە داوامان باسمان لە خراپی باڵەخانەی زانكۆكان كردووە، بەڵام لە راستیدا نۆژەنكردنەوەی باڵەخانەی زانكۆكان پێویستی بە بڕەپارەی زۆرە و لەسەرەتایی كارەكانداین و ھێشتا بەرچاومان روون نییە، وەك كابینەی نۆیەم ئێستا لەسەروبەندی كۆكردنەوەی داھاتەكانی ھەرێمی كوردستانین ئەو كاتە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەرچاوی روون دەبێت، ئەوكاتە بەگوێرەی پێویست بودجە بۆ سێكتەرەكان تەرخان دەكرێت".
ھ.م