زەوییە کارتەکان دەکرێنە سەنەد

لە ھەولێر زۆربەی زەوییە كارتەكان كراونەتە سەند

K24 - ھەولێر

ئەو زەوییە کارتانەی بەسەر هاووڵاتیان دابەشکراون، وەزارەتی شارەوانی بڕیاریداوە سەرجەمیان بکاتە سەنەد. لە 95 هەزار زەوی کارتی هەولێر 60 هەزاریان کراوەتە سەنەد، و هاووڵاتیان دەتوانن خانووی لەسەر بنیاد بنێن. هاووڵاتیان بەو بڕیارە دڵخۆشن و دەڵێن جوڵەی خستووەتە بازاڕ و بە تاپۆکردنیشیان داهاتێکی باش بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە.

لەدوای گۆڕینی ئەو زەویانە لە کارتەوە بۆ سەنەد  ‌جوڵەیەکی باش دەکەوێتە بازاڕ و دەرفەتی ھەلی کاریش دروست دەبێت، ئەوانەی لە کەرتی خانووبەرە کار دەکەن ‌ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، کاریگەری ئەرێنی لەسەر نرخی ئەو زەو‌یانە دروست دەبێت، بەھۆی تاپۆ کردنیشی  داھاتێکی باش بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە.

بەھۆی فراوانبوونی شارەکانەوە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا گۆڕانکاری لە ماستەرپلانی شارەکاندا روویدا، سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر چەند گەڕەکێکی نوێی بۆ شارەکە زیاد کرد، ئێستا لە دوای تەواو بوونی گۆڕینی کارت بۆ سەنەد. بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەم خزمەتگوزارییە سەرتاییەکان بۆ ئەو گەڕەکە نوێیانە دابین بکرێت.