ئه‌مه‌ریكا: بە رێككەوتن لەگەڵ حكوومەت لە عێراق دەكشێینەوە

"دەبێت كشانه‌وه‌مان بەشێوەیەك بێت كه‌ سەرکەوتنەکانمان بەرامبەر بە داعش لەبارنەچن"

K24- هه‌ولێر:

رۆبێرت ئۆبراین، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، "پێمانخۆشە لە عێراق بکشێینەوە، بەڵام دەبێت بەشێوەیەك بێت سەرکەوتنەکانمان بەرامبەر بە داعش لەبارنەچن و عێراقیش نەکەوێتە ژێر دەستی ئێران".

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز، رواێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەڵێت: "زیاتر لە ١٧ ساڵە لە عێراقین و سەرۆك ترەمپ زۆری پێخۆشە و مەبەستیەتی سەربازەکانمان لەو وڵاتە بکشێنێتەوە، بەڵام دەبێت ئەو بڕیارە کاتێك بدرێت، کە عێراق بتوانێ بەرگری لەخۆی بکات و سەرکەوتنمان بەسەر داعشدا لەبارنەچن. ھەروەھا عێراق بتوانێ سەروەری خۆی بپارێزێت و نەکەوێتە ژێر دەستی ئێران".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمه‌ریکا لەبارەی کشانەوەی سەربازەکانی وڵاتەکەی لە عێراق رایگەیاندبوو: سەرکردە عێراقیەکان لە پێش چاوی راگەیاندنەکان شتێك دەڵێن و لە تەلەفۆن و کۆبوونەوەکانیشدا شتێکی دیکە.

H.B