زانیاری نوێ له‌سه‌ر موفتییه‌كه‌ی داعش بڵاوده‌بێته‌وه
به‌هۆی كێشه زیاده‌كه‌ی به ئۆتۆمبێلی پیكاب گوازرایه‌وه
K24- هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی له چه‌ند رۆژی رابردوودا هێزه عێراقییه‌كان مهكنی ئه‌بو عه‌بدولباری، موفتی داعشیان له مووسڵ ده‌ستگیركرد، شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی چه‌ند زانیارییه‌كی نوێ له‌باره‌ی موفتییه ده‌ستگیركراوه‌كه بڵاو ده‌كاته‌وه.
شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراقی له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكرده‌وه، "تیرۆریستی ناوبراو وه‌ك گوتارخوێن و پێشنوێژ له ژماره‌یه‌ك مزگه‌وتی مووسڵ كاری كردووه" و به گوتاری هاندان له دژی هێزه ئه‌منییه‌كان ناسرابوو.
ئه‌بو عه‌بدولباری كێیه؟
به شه‌رعیه‌ت یانیش "شیفای نیعمه‌ت" ناسرابوو. له سه‌ركرده‌كانی ریزی پێشه‌وه‌ی رێكخراوی داعش هه‌ژمار ده‌كرا. سه‌رپه‌رشتی چێبهجێكردنی پرۆسه‌كانی له‌سێداره‌دانی ده‌كرد، به تایبه‌ت له سێداره‌دانی ئه‌و پیاوانه‌ی ئاینی كه به‌یعه‌تدانیان به داعش ره‌ت ده‌كرده‌وه. هه‌روه‌ك له ساڵی 2014 و له كاتی داگیركردنی شاره‌كه له لایه‌ن داعشه‌وه، فه‌رمانی ته‌قاندنه‌وه‌ی مزكه‌وتی نه‌بی یونس له‌لای ئه‌وه‌وه ده‌ركرابوو.
وه‌ك ده‌شزانرێت، مزگه‌وتی نه‌بی یونسی مێژوویی و شوێنه‌واری پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی لای خه‌ڵكی مووسڵ هه‌بوو، ده‌كه‌وته به‌ری رۆژئاوای گردی ته‌وبه، یانیش گردی نه‌بی یونس، له هاوینی 2014 له‌لایه‌ن ئه‌و رێكخراوه‌وه ته‌قێندرایه‌وه.
ئه‌بو عه‌بدولباری كه به‌رپرسی ده‌ركردنی فه‌توا بووه له ناو داعش، له ناوچه‌ی حه‌ی مه‌نسوری به‌ری رۆژئاوای مووسڵ له لایه‌ن فه‌وجی سواتی سه‌ر به فه‌رمانده‌یی پۆلیسی نه‌ینه‌واوه ده‌ستگیركرا و به‌هۆی كێشه زیادهكهیهوه له پشتی ئۆتۆمبیلێكی جۆری پیكابه‌وه له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه گوازرایه‌وه.

پێشتریش شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی رایگه‌یاندبوو، "دوای گه‌یشتنی زانیاری ورد و گه‌ڕان و پشكنینی به‌رده‌وام، فه‌وجی سواتی سه‌ر به فه‌رمانده‌یی پۆلیسی نه‌ینه‌وا توانی ئه‌بو عه‌بدولباری، موفتی داعش و ناسراو به "شیفای نیعمه" ده‌ستگیر بكه‌ن".
H.B