"له ماوه‌ی 24 كاتژمێری داهاتوو كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران یه‌كلاده‌كرێته‌وه"
ناوی ئه‌م سێ كه‌سه له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆكانه
K24 - هه‌ولێر:
هاوپه‌یمانی سائیروونی موقته‌دا سه‌در، مه‌رجی خۆی بۆ پشتیوانیكردنی كاندیدی سه‌رۆك كۆمار بۆ سه‌رۆك وه‌زیران و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ ئاشكرا ده‌كات و ره‌تیشی ده‌كاته‌وه به‌شداری هیچ گفتوگۆیه‌كی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان كردبێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته.
غایب عومه‌یری، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له هاوپه‌یمانی سائیرون ئاشكرای ده‌كات، پرسی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران گه‌یشتووه‌ته قۆناغی كۆتایی و چه‌ند كه‌سێك ناویان هاتووه بۆ كاندید بوون و یه‌كێك له‌وانه مسته‌فا كازمیه.
عومه‌یری روونیشی ده‌كاته‌وه، هه‌ڵوێستی هاوپه‌یمانییه‌كه‌یان روون و جێگیره و هیچ كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته كاندید ناكات و ناچێته ناو هیچ گفتوگۆیه‌كیش بۆ راسپاردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، مه‌رجی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان بۆ پشتیوانیكردنی ئه‌و كاندیده‌ی له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه ده‌ستنیشان ده‌كرێت ئه‌وه‌یه كه له‌لایه‌ن شه‌قامی عێراقییه‌وه به‌تایبه‌تیش خۆپیشانده‌ران، قه‌بووڵكراو بێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه په‌رله‌مانتارێكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا، ئه‌و گفتوگۆیانه ئاشكرا ده‌كات، كه به سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك كۆمار بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه ئه‌نجام ده‌درێت.
عه‌بود عیساوی، په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار، چه‌ندین گفتوگۆی كراوه‌ی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستپێكردووه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاشكراشی ده‌كات، كه تا ئێستا سێ كه‌س ناوه‌كانیان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆكانی سه‌رۆك كۆماره، ئه‌وانیش عه‌لی شوكری، محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی و مسته‌فا كازمیین.
ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌گه‌ری گۆڕانكاری له ریزی ئه‌و ناوانه‌دا شتێكی پێشبینیكراوه به‌ڵام تاكو ئێستا ئه‌وه‌ی زۆرترین چانسی هه‌بێت، عه‌لی شوكرییه.
سه‌رچاوه‌یه‌كیش له سه‌رۆكایه‌تی كۆماره‌وه ئاشكرای كرد، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری داهاتوودا پرسی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ یه‌كلاده‌كرێته‌وه.
سه‌رچاوه: ئاژانسه‌كان
ئ. م