کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق هەڕەشە لە بەرھەم ساڵح دەکات
داوا دەكەن لەگەڵ ترەمپ كۆنەبێتەوە
K24 - ھەولێر
میلیشیای کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، هەڕەشە لە سەرۆک کۆمار دەکات، ئەگەر لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە.
ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنی لە میلیشیای کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، هەڕەشەی لە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کرد، ئەگەر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە.
بەرپرسەکەی میلیشیا عێراقییەکە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوویەتی "جەخت لەسەر پابەندبوونی بەرهەم ساڵح بۆ کۆنەبوونەوە لەگەڵ ترامپی گێل دەکەینەوە، بە پێچەوانەوە هەڵوێستمان دەبێت، کە ئیرادەی گەلی عێراق و ئەو خوێنە پاکەی رژاوە پشتگوێ دەخات، ئەگەر وابکات لە بەغدا دەریدەکەین".
ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس، بەرھەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كۆببێتەوە کۆببێتەوە.
ھ.م