دوو خۆپیشاندەری دیكە كوژران
چادری خۆپیشاندەران سوتێندران
K24 - ھەولێر
خۆپیشاندانەكانی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەردەوامن و دوو خۆپیشاندەری دیكە كوژران.
بەگوێرەی میدیاكانی عێراق، شەوی رابردوو خۆپیشاندان لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەردەوام بووە و خۆپیشاندەران زیاتر سوور بوونە لەسەر داواكارییەكانیان و رەتیان كردووەتەوە، گۆڕەپانەكان جێبھێڵن، بە تایبەت دوای ئەوەی بە زەبری ھێز ھەوڵدرا خۆپیشاندەران بڵاوەپێبكرێن.
ئاماژە بەوەشكراوە، لە ئەنجامی پێكدادان و ئاڵۆزی نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەكان، شەوی رابردوو لە بەغدا و ناسریە دوو خۆپیشاندەر كوژراون و دەیانی دیكەش بریندار بوونە. بەو ژماەیەش، ژمارەی خۆپیشاندەرانی كوژراوی دوو رۆژی رابردوو گەیشتە 14 كوژراو و نزیكەی 300 بریندار.
لەلایەكی دیكەوە، شەوی رابردوو ژمارەیەك چادری خۆپیشاندەران لە ناسریە و بەغدا سووتێندران و خۆپیشاندەران ھێزە ئەمنییەكان بە سووتاندنی ئەو چادرانە تۆمەتبار دەكەن.
ھ.م